پێشانگای زەینی ئەدەب و ئۆستوورەی کوردی لە مەریوان بەڕێوەچوو

16:12 - 30 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: دوو ژنە هونەرمەندی دەست ڕنگینی کورد لە شاری مەریوان، توانیان بۆ یەکەم جار پێشانگای بەرهەمی مینیاتوری لە نیگارخانەی ئەو شارە بەڕێوە ببەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژانی شەممە و دوو شەممە ٢٧ و ٢٩ی خەرمانان، پێشانگایەکی بەرهەمە مینیاتورییەکان لە نیگارخانەی شاری مەریوان بۆ یەکەم جار بەڕێوەچوو و لەگەڵ پێشوازی کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی ئەو شارە بەرەوڕوو بوویەوە.

پێشانگای بەرهەمە مینیاتورەکان لە لایەن دوو ژنە هونەرمەندی مەریوان بە ناوەکانی هانا کەریم پوور و فەریدە دژبەند، بەرێوەچوو.

ماڵپەڕی شاری مەریوان بڵاوی کردەوە، ئەو پێشانگایە ئاکامی ٥ ساڵ چالاکی ئەو دوو ژنە هونەرمەندەیە کە ٢١ تابلۆ لە خۆدەگرێت کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەرێوەچووە.

بە وتەی ئەو دوو هونەرمەندە، ئامانج لە کردنەوەی ئەو پێشەنگایە ناساندنی بەرهەمی مینیاتوری بە زەینیەتی کوردی و نواندنی ئۆستوورەکانی وێژەیی کوردی بە هونەرمەندانی ئەو شارەیە.

خردنگارگری یان مینیاتور، لە وشەی لاتینی minium وەرگیراوە بە واتای خاکی سوور دێت.