پێرسونێلە دەرکراوەکانی زانکۆی ئیلام، مانیان گرت

14:42 - 1 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: ٣٣ کەس لە پیرسونێلی شیرکەتیی زانکۆی ئیلام، بەهۆی \"کەمیی بودجە\" لەو ناوەندە پەروەردەییە دەرکران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەک لە پێرسونێلی شیرکەتیی زانکۆی ئیلام بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە لەسەر کار دەرکرانیان لەلایەن بەرپرسی ئەو زانکۆیەوە، لەبەر دەم زانکۆکەدا مانیان گرت.

ئەو کەسانە، کە دەگوترێت خوێندنیان لە زنکۆکاندا تەواو کردووە وهاوکات خێزاندارن و \"رەسید\"‌ی مووچەشیان پێ نەدراوە، خوازیاری پێڕاگەیشتنی بەرپرسان بە کێشەکانیان بوون.

ماڵپەڕی \"ئیلامی بێدار\" ژمارەی ئەو کەسە دەرکراوانەی ٣٣ کەس راگەیاندووە، کە هاوکات لەگەڵ ساڵی نوێی خوێندن بەرەوڕووی دەرکران بوونەتەوە.

لێپرسراوانی زانکۆی ئیلام، هۆکاری دەرکردنی ئەو کەسانەیان بۆ \"کەمیی بودجەی زانکۆ \" لە ساڵی نوێی خوێندندا گەڕاندۆتەوە.

هاوکات، باس لە \"ئەگەری دەرکردن\"ی بەشێکی دیکە لە پێرسونێلی شیرکەتیی ئەو زانکۆیە کراوە.

پێشتر زانکۆی ئیلام ١٨٧ پێرسونێلی شیرکەتی و ٧٥ فەرمانبەری فەرمی بووە.

ئەو زانکۆیە لە ساڵی ١٣٥٥دا یەکێک لە لقەکانی زانکۆی رازیی کرماشان بوو، بەڵام ساڵی ١٣٧١ کرایە زانکۆیەکی سەربەخۆ.

هەنووکە زیاتر لە ٦ هەزار خوێندکار لە قۆناغە جیاجیاکانی خوێندنی زانکۆدا، لە زانکۆی ئیلام سەرقاڵی خویندنن.