پێداگریی مامۆستایانی قوتابخانەی کوردستان ـ مەریوان بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسی وعەقیدەتی

12:06 - 28 رەشەمه 2719

ئەنجومەنی مامۆستایانی کوردستان_مەریوان بە بڵاوکردنەوەی بەیناننامەیەک پێداگری لە سەر ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد

دەقی ئەو بەیاننامەیە بەم چەشنەیە:

بەیاننامەی ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی کوردستان_مەریوان سەبارەت بە مەحکوومکردنی ئازادنەکردنی "محەممەد حەبیبی" و زیندانییانی سیاسیی دیکە سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا

 لە کاتێکدا کە بەرەو کۆتاییەکانی ساڵی ٩٨ دەڕۆین، کە لەم ڕۆژانەدا شایەتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی مەترسیدارین بە ناوی "کۆرۆنا"، کە هەزاران کەس لە سەرتاسەری جیهانی گیانیان لەدەستداوە یان لە نەخۆشخانەکاندا خەوێندراون و مەترسیی بڵاوبوونەوەی هەرچی زیاتری ئەو نەخۆشییە، وێڕای دروستکردنی مەترسییەکی زۆر لە ناو هاووڵاتییان، کۆمەڵگەی لە بەرەبەری قەیرانێکی گشتگیر قەرار داوە.

دەوڵەتەکان و بەرپرسەکان بەو شێوە کە جێگای شیاوە، ڕێوشوێنەکان و پارێزراوی وەکوو دابڕگەی شارەکان و گوندەکان لەگەڵ ئیمکانات و پێداویستییەکانی ژیانی خەڵکی و هەروەها سازکردنی نەخۆشخانەکان و ناوەندە دەرمانییەکان، بۆ تێپەڕین لەو مەترسییەیان لەبەرچاوە نەگرتووە.

ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە لە سەرەوەی وڵاتان دایە کە ئەو نەخۆشیە، بە داخەوە زۆربەی بنەماڵەکەی داغدار کردووە و ڕۆژ بە ڕۆژ شایەتی چوونە سەرەوەی ئاماری تووشبووان و گیان لەدەستدانی هاووڵاتییان بەو ڤایرۆسەین لەم وڵاتە.

ئەمڕۆ زیندانەکان یەکێک لە بندەست‌ترین و مەترسیدارترین شوێنەکان بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەداخەوە ڕێژەیەکی زۆر لە زیندانەکان، لە ڕاپۆرتی ناوەندە سەربەخۆکان ئاماژە بە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کراوە. ئەگەرچی ڕێژەیەک لە زیندانییانی ئاسایی و سیاسی ئیزنی مەرەخەسیان پێدراوە، بەڵام زۆربەی زیندانەکان پڕە لە زیندانییانێک کە دەبێت بە زووترین کات ئیزنی هاتنە مەرەخەسییان پێبدرێت.

محەممەد حەبیبی یەکێک لە مامۆستا تێگەیشتوو و پێبەندبووەکان کە یەکێک لە سەدان زیندانیی سیاسییە، کە هەنووکە ڕۆژانی سەخت لە زیندانی تاران تێدەپەڕێنێت، ئەو چالاکە فەرهەنگییە لە ساڵونێکدا زیندانی کراوە کە ژمارەیەکی زۆر لەو زیندانییانە که تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنان و دەبێت بە بێ دواکەوتن ئازاد بکرێت.

ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی کوردستان_مەریوان وێڕای نیگەرانی خۆی بە نیسبەت گیانی محەممەد حەبیبی و زیندانیی سیاسی_عەقیدەتی دیکە (ژنان، کرێکاران، خوێندکاران، مامۆستایان و ...) خوازیاری ئازادی دەسبەجێی تەواوی ئەو خۆشەویستانەین و ڕایدەگەیەنین کە بەرپرسایەتی هەرجۆر ڕووداوێکی نەخوازراو لە زیندانەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەئەستۆی دەوڵەت و هێزی دادوەری و ئیدارەی زیندانەکانه.

زیندانییەکان ئازاد بکرێن، پێش لەوەیکە کارەساتێک ڕوو بدات.