پێداگریی فەرماندە نیزامییەکانی ئێران و تورکیە لە سەر بەربەرەکانێ لەگەڵ حیزبە کوردییەکان

11:13 - 25 بەفرانبار 2720

فەرماندەی سنوورپاڕێزەکانی ئێران و تورکیە لە ڤیدیۆ کۆنفڕانسێکدا، باسیان لە زیاتر پاراستنی سنوورەکانی نێوان دوو وڵات کرد و هاودەنگ بوون و پێداگرییان لە سەر بەربەرەکانێ لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئەو دوو وڵاتە کردەوە.

لەو ڤیدیۆ کۆنفڕانسەدا، کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بەفرانبار، لەنێوان "عەلی گودەرزی" فەرماندەی سنوورپاڕێزەکانی ئێران و "عاریف چتین"، فەرماندەی گشتیی ژاندارمی تورکیە، بەڕێوە چوو، هەر دوو لا پێداگرییان لە سەر توندوتۆڵکردنی سنوورەکانی نێوانیان کرد و پێداگرییان لە سەر بەربەرەکانێ لەگەڵ "قاچاخچیـ"ـیەکان و بە تایبەت لەگەڵ گرووپەکانی "مەعاند"، کردەوە.

فەرماندەی هێزە سنوورپاڕێزەکانی ئێران ڕایگەیاندووە کە بەربەرەکانێی سنوورپارێزەکانی ئەو دوو وڵاتە لە سنوورە هاوبەشەکەمان لەگەڵ گرووپەکانی دژبەر و "قاچاغچیـ"ـیەکان، یەکێک لە ڕێککەوتنەکانی نێوان هەر دوو لا بووە.

لەو ڤیدیۆ کۆنفڕانسەدا، "عاریف چتین" ڕایگەیاند: "هیوادارم زیاتر لە جاران هەر دوو وڵات  لە کۆنتڕۆڵکردنی سنوورە هاوبەشەکانمان و هەروەها بەربەرەکانێ لەگەڵ هاتوچۆ و جموجۆڵی نایاسایی، سەرکەوتوو بین."