پێداگری ئەحمەد شەهید سەبارەت بە پێشكەش كردنی راپۆرتەكەی سەرەڕای دژایەتی ئێران

15:05 - 30 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: سەرەڕای دژایەتییەكانی بەرپرسانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ راپۆرتی ئەحمەد شەهید، ئەو راپۆرتێرە حەفتەی داهاتوو لە كۆڕی گشتیی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لەسەر پێشێڵكارییەكانی مافی مرۆڤ لەئێران، قسە دەكات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سێشەممەی حەفتەی داهاتوو كۆڕی گشتیی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان شایەتی ئاخاوتنی ئەحمەد شەهید سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران دەبێت.

شەهید لە \"تویتر\"‌ی خۆی رایگەیاندووە، \"حەفتەی داهاتوو رێکەوتی ٦‌ی خەزەڵوەر (٢٨‌ی ئۆكتۆبر) لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان راپۆرت پێشكەش دەكەم\".

ئەو راپۆرتێرە پێشتریش شەشەمین راپۆرتی خۆی لەسەر پێشێڵكرانی مافی مرۆڤ لەئێران پێشكەش بە نۆیەمین كۆبوونەوەی كۆڕی گشتیی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان كردبوو.

راپۆرتێری تایبەتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤی ئێران لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا جارێكی دیكە باسی لە \" چوونە سەری رێژەی ئێعدامەكان و برتەسک كردنەوەی ئازادیی رادەربڕین لەئێران\" كردبوو.

بەرپرسانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە پەرچەكردارێكدا ئەحمەد شەهیدیان بە \"پەروەندە سازی دژی ئێران\" تاوانبار و بە \" ئەحمەدی ئاژاوەچی\"، \" بێ‌عەقڵ\" و \" قین لەدڵ و بوغزاوی\" ناویان بردبوو.

دەبیری ستادی مافی مرۆڤ لە دەزگای قەزایی ئێران لەتازەترین وتەكانیدا وتبووی: \"دیاری كردنی راپۆرتێر بۆ ئێران دەبێ‌پاساو هەڵگر بێت، بە چ پاساوێك راپۆرتێر دیاری دەكەن، ئێران ناوەندی دێمۆكراسییە و پێویستە چاوێك بەوڵاتانی ناوچەدا بخشێنن و هەتا بۆتان دەبكەوێ‌كە باشترین دێمۆكراسی لەئێران هەیە\".

لەلایەكی دیكەوە حەمیدڕەزا تەرەقی جێگری نێودەوڵەتی حیزبی \"اسلامی\" باسی لەوە كردبوو، شەهید لە چاویلكەی رۆژئاوا و یاساكانی جێگر بە سەر لیبرالیزمی رۆژئاواییەوە چاو لەئێران دەكات و لەراستیدا سەرچاوە هەواڵییەكانی ئەو راپۆرتێرە رێكخراو و رەوتە \"دژە شۆڕش\" و نەیارانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانن.

وتەی بەرپرسانی حكوومەتی ئێران لەحاڵێكدایە كە بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا ٦٧٦ حاڵەتی پێشێڵكردنی مافی مرۆڤ ( ٢٠٥ حاڵەت دەستبەسەركردن، ٩٨ حاڵەتی بانگهێشت و ٦٤ حاڵەت دەستڕێژی لە هاووڵاتییانی كورد) لەئێران رووی داوە.