پێدانی مەرەخەسی بە زیندانییان بە مەرجی بەشداریکردن لە رێپێوانی ٢٢ی رێبەندان

19:55 - 19 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی شاری شنۆ تەنیا بە مەرجی بەشداری پێکردنی زیندانیان لە خۆپیشاندانی ٢٢ی رێبەندان، مەرەخەسی بە زیندانییان ئەدەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ بەرپرسانی زیندانی شاری شنۆ بە زیندانییان راگەیاندووە، کە هەر زیندانییەک، کە هەتا رێکەوتی ٢٢ی رێبەندان دەچێتە مەرەخەسی، دەبێ لە رێپێوانی ٢٢ی رێبەنداندا بەشداری بکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو مەسەلەیە رایگەیاند؛ ئەو زیندانییانەی چوونەتە مەرەخەسی، ئاگادار کراونەتەوە، ئەگەر لە رێپێوانی ٢٢ی رێبەندانی ئەمساڵدا بەشداری نەکەن، هەتا کۆتایی حوکمەکەیان لە مافی چوونە مەرەخەسی بێبەش دەکرێن و دەبێ لە زیندان ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕ بکەن.

بەرپرسانی زیندانی شاری شنۆ لە کاتێکداو بە وتەی خۆیان بە بۆنەی \"دەیەی فەجر\" مەرەخەسی بە زیندانیان ئەدەن، کە لە هێچ کام لە بڕگە و ماددەکانی ئایین‌نامەی پێدانی مەرەسی بە زیندانیان، باسی ئەو بڕیارە نەکراوەو زیندانییان بەپێی هەڵسووکەوتی ناو زیندان مەافی چوونە مەرەخەسییان پێ ئەدرێت.

چاوەدێرانی سیاسی لەو باوەڕەدان لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا تەنیا کەسانی سەربە حکوومەت لە شاری شنۆ بەشدارییان لە رێپێوانەکاندا کردووە، بۆیە لێپرسراوانی حکوومەتی لە شاری شنۆ دەیانهەوێ لەو رێگەیەوەو بۆ بەشداری پێکردن لە خۆپیشاندانی ٢٢ی رێبەنداندا خەڵک بێننە سەر شەقامەکان.