پێترۆشیمیی کرماشان ئاگری گرت

22:32 - 9 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەی یەکێک لە ئەنبارەکانی پێترۆشیمیی بێستون لە شاری کرماشان، بوو بە هۆی ئاگر گرتنی ئەو شیرکەتە.

هەواڵدەرییەکان لەو بارەیەوە بڵاویان کردەوە، دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٨ی گەلاوێژ، بە هۆی تەقینەوەی ئەنباری \"٥٠٤ \"ی نەوت، پێترۆشیمیی بێستون ئاگری گرت.

هەواڵدەریی ئیسنای کرماشان لەوبارەیەوە بڵاوی کردەوە، ئاگری ئەنباری پێترۆشیمی لە نێوان ٥ هەتا ٦ کاتژمێر درێژەی کێشا و زیاتر لە ٣٠ ماشینی ئاگرکوژێنەوە و ١٣ ماشینی گەورە بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە وەگەڕ خران.

هەواڵدەرییەکانی ئێران، هەتا ئێستا هیچ شتێکیان سەبارەت بە هۆکاری ئەو ئاگرکەوتنەوە نەدرکاندووە، بەڵام هەواڵدەریی تەسنیم لە زاری فەزلوڵڵا ڕەنجبەر بڵاوی کردەوە؛ لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لە مەڕ ئاگرگرتنی ئەو شیرکەتە باس لە هەلاجانی کارەبا دەکەن.

هەواڵدەریی تەسنیم ڕایگەیاند: ئاگرگرتنی پێترۆشیمیی بێستون، نۆهەمین ئاگر گرتنی پیشەی پێترۆشیمییە کە لە ئەمساڵدا ڕوودەدات.

کاناڵی دانا لە زاری جێگری وەزیری نەوت لە کاروباری پێترۆشیمی بڵاوی کردەوە، ئاشکرا نیە چ شتێک بووەتە هۆی چەخماخە و ئاگرکەوتنەوەی ئەو ئەنبارە نەوتە.

مەرزیە شاهدایی ڕایگەیاند: چڕ بوونەوەی هەڵمی \"لایت اند\" و چێ بوونی زەختی هەڵم لە ئەنبارەکەدا، هۆکاری سەرەکیی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ئەمە دووهەمین جارە پێترۆشیمییەکانی ئێران ئاگر دەگرن و هەتا ئێستا هۆکاری ئەو ئاگرگرتنانە بە ڕوونی نەزانراوە.

بەرپرسانی حکوومەتی لە دانی هەرجۆرە زانیارییەک سەبارەت بە ئاگرگرتنی پ پێترۆشیمیی ئێران خۆیان دەبوێرن.

شیرکەتی پێترۆشیمیی بێستون لە ڕۆژهەڵاتی شاری کرماشان هەڵکەوتووە و پانتایی زەوی ئەو شیرکەتە ٦٣ هێکتارە و نزیکەی ٥٠٠ کەس تێدا کار دەکەن.