پیشانگەیەکی تایبەتیی جلوبەرگ لە سنە دەکرێتەوە

21:30 - 6 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: یەکەمین پیشانگەی تایبەتیی ستایلی جلوبەرگی ناوچە جیاجیاکانی ئێران لە شاری سنە دەکرێتەوە.

هەواڵدەریی مێهر لە زاری \"قوباد مەیمەنەت ئابادی\" بەرپرسی \"ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی\"ەوە بڵاوی کردەوە، ئەو پیشانگایە بە مەبەستی رێکخستنی کاری گروپی و دەرخستنی توانا و بەهرەی داهێنەرانی مۆدی نوێی لیباس پێک دێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، بۆ زیاتر دەوڵەمەند بوونی ئەو پیشانگەیە داوا لە سەرجەم دیزاینێر و داهێنەرانی مۆد و جلوبەرگی پارێزگای کوردستان و سەرجەم وڵاتی ئێران دەکەین، شێوە و دیزاینی جلوبەرگەکان لە چوارچێوەی لیباسی ناوچەیی، منداڵان و ژنان بۆ بەشی دەبیرخانەی ئەو فێستڤاڵە بنێرن.

ئەو بەرپرسە وتیشی، خوازیاران دەتوانن هەتا کۆتایی مانگی رەشەمەی ئەمساڵ بەرهەمەکانیان پێشکەش بە دەبیرخانەی ئەو پیشانگەیە بکەن، ناوبراو راشیگەیاند: هەر کەسێک دەتوانێ هەتا ١٠ بەرهەم بۆ ئەو پیشانگایە بنێرێت چونکە یەکێکی دیکە لە ئامانجە کانی کرانەوەی ئەو پیشانگەیە برەرو دان و ناساندنی کولتووری ناوچە جیاجیاکانی ئێرانە.