پیشانگایەکی شێوەکاری لە بەرهەمەکانی ماشەڵڵا محەمەدی لە شاری سلێمانی کرایەوە

12:50 - 19 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: بیست و سێیەمین پیشانگای تایبەتیی لە بەرهەمەکانی ماشەڵڵا محەمەدی هونەرمەندی خەڵکی سنە لە هۆڵی رۆشنبیریی ناوەندی ئەندێشە لە شاری سلێمانی کرایەوە.

ماڵپەڕی سەردەم لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، سەرلە بەیانی رۆژی ١ شەممە پیشانگای شێوەکاری و ئەنیمەیشێنی لە بەرهەمەکانی ماشەڵڵا محەمەدی لە شاری سلێمانی کرایەوە و بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە کوردە کە هەتا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ فێستیڤاڵ لە ئاستی جیهاندا بەشداریان کردووە، نمایش دەکرێن.

ماشەڵڵا محەمەدی رایگەیاند: بەرهەمە ئەنیمەیشێنەکانی هەتا ئێستا ٣٤ خەڵاتیان بەدەست هێناوە کە ١١ خەڵاتیان لە ئاستی جیهان و ٢٣ خەڵاتیشیان لە ئاستی ئێراندا بوون.

ئەو هونەرمەندە ئاشکرای کرد، ماوەی نزیک بە ٢ ساڵە سەرقاڵی دروست کردنی ئەنیمەیشێنێکی چیرۆکی مێژوویی لە بارەی شاری سنەوەیە و چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ کە ئەو پڕۆژەیە بۆ ماوەی ٢ ساڵی دیکە درێژەی هەبێت.

ماشەڵڵا محەمەدی لە دایکبووی شاری سنەیە و لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا دەستی داوەتە کاری هونەری و لە زانکۆی تاران و لە رشتەی نیگار کێشیدا خوێندنی تەواو کردووە و لە ماوەی چالاکییەکانیدا ١٣ پیشانگای تایبەتی بەرهەمەکانی خۆی و ٣١ پیشانگای بە شێوەی هاوبەش کردۆتەوە.