پیس‌بوونی ئاوی خواردنەوەی هەرسین ژیانی هاووڵاتیانی تێکداوە

16:28 - 24 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: لەکاتێکدا کە پیس‌بوونی ئاوی خواردنەوەی شاری خوڕڕەم‌ئاوا تا ئێستاش وەک خۆی ماوەتەوە. ئاوی خواردنەوەی شارستانی هەرسینیش پیس و قوڕاوی بووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو‌ بە ماڵپەڕی کوردپا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣
ی خاکەلێوە، ئاوی خواردنەوەی هەندێک لە ناوچەکانی شارستانی هەرسین زۆر لێڵ و قوڕاوی بووە و لە ماوەی دوو ڕۆژدا هەموو ئاوی شار پیس بووە و دواتر هەندێک لە گەڕەکەکانی شار، ئاوی خواردنەوەیان پچڕاوە.

پاش تێپەڕینی چوار ڕۆژ لە نەبوون، پیسی و لێڵیی ئاوی ئەو شارە، ڕێکخراوە حکوومەتییەکان بە تانکر ئاو بۆ خەڵک دابین دەکەن کە ئەو ئاوەش بەپێی ڕاپۆرتەکان زۆر خاوێن نیە.

لەو پێوەندییەدا، هاووڵاتیانی شاری هەرسین سکاڵانامەی خۆیان لە ڕاگەیەنە ناوچەییەکانی خۆیاندا بڵاو کردووەتەوە و بەپێی ڕاپۆرتی \"افکار نیوز\" یەکێک لە دانیشتوانی گەڕەکی \"طالقانی\" شاری هەرسین بەو مالپەڕەی ڕاگەیاندووە کە هەندێک لە هاووڵاتیان گیانلەبەری وەک کرمیان لە بۆڕی ماڵەکانی خۆیاندا بینیوە.

هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی شارۆچکەی \"سەراب\" سەر بە شاری هەرسین لەو بارەیەوە دەڵێت: چەند ڕۆژێکە کە ژیانی ئێمە تەواو تێکچووە و پچڕانی بەردەوامی ئاو، کێشەی بۆ ساز کردوین.

پرتووکاویی سیستمی بۆڕیی ئاو و بەڕۆژنەکردنی سیستمی پاڵاوگەی ئاو، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئاوی خواردنەوەی کوردستانە.

زیاتر لە سەدا ٦٠ی ئاوی شیرینی هەموو ئێران لە ناوچە کوردنشینەکانە، بەڵام خەڵکی کوردستان کەمترین سوودی لێ‏ وەردەگرن.