پیرۆزبایی ڕێبەرانی کورد و ناوەندە مەدەنیی و فەرهەنگییەکان لە کۆچەر بیرکار

15:08 - 13 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە ڕێبەرانی کورد، لە پارچەکانی کوردستان و ناوەندە فەرهەنگیی و مەدەنییەکان، پیرۆزباییان لە کۆچەر بیرکار، وەرگری خەڵاتی \"فیلدز\"ی بیرکاری کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە ڕێبەرانی کورد، لە پارچەکانی کوردستان و ناوەندی فەرهەنگیی و مەدەنییەکان، بە شێوەی فەرمیی پیرۆزباییان لە کۆچەر بیرکار ، براوی خەڵاتی فیلدز کرد.

مستەفا هیجری، لێپسراوی گشتیی حدکا، مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دێموکراتی کوردستان، مەحموود حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سوسیالستی کوردستان، مستەفا مەولوودی، سکرتێری حدک، عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران....

هەروەها ڕێکخراوە و ناوەندە فەرهەنگییەکانی وەک ئەنجومەنی ئەدەبیی فەرهەنگی مەریوان، دامەزراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی زاگرۆس لە شاری سنە، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و هەروەها ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان ئێرانیش پیرۆزباییان لەم بلیمەتە کورد کرد.

پڕۆفسۆر \"فەرەیدوون درەخشانی\"، یەکێک لە مامۆستایانی لاو لە زانکۆی کەمبریج، لە وڵاتی بریتانیا توانی میداڵی \"فیلدز\"، بەناوبانگترین خەڵاتی جیهانی لە بەشی بیرکاریدا بە دەست بێنێت.

میداڵی فیلدز لە ساڵی ١٩٣٦ زایینی هەتا ئێستا، لە لایەن دامەزراوەی فیلدز لە شاری تۆرنتۆ هەر چوار ساڵ جارێک بە دوو کەس هەتا چوار توێژەری ژێر تەمەن ٤٠ ساڵ، کە لە بەشی بیرکاری لە جیهاندا کار دەکەن، دەدرێت.

فەرەیدوون درەخشانی (کۆچەر بیرکار)، خەڵاتی ٢٠١٦ی ئەنجومەنی بیرکاریی ئامریکای وێڕای ٣ بیرکارزانی دیکە بەدەست هێناوە.

کۆچەر بیرکار، ساڵی ١٣٥٧ هەتاوی لە گوندی \"نێـ\"ـی سەر بە شاری مەریوان، چاوی بە دنیا هەڵ ‌هێناوە و بڕوانامەی کارناسی لە زانستگەی تاران وەرگرتووە.

ناوبراو قۆناغی دوکتورای لە زانستگەی ناتینگهام لە بریتانیا تەواو کردووە و لە ساڵی١٣٨٥ـەوە وەک پرۆفسۆری بیرکاری، لە زانستگەی کەمبریج دەستبەکار بووە.