پیرۆزبایی مەکتەب قورئانی کوردستان، لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

14:50 - 4 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: مەکتەب قورئانی کوردستان، بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان بە وەلانانی کێشەکان و دروست کردنی کەشوهەوای یەکڕیزی و تەبایی لە کوردستان بانگهێشت دەکات.

مەکتەب قورئانی کوردستان؛ بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان پیرۆزباییان لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

لەو ڕاگەیەندراوە هاتووە، دەنگی بەڵێی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لەو ڕاپرسەیەدا، لە ڕاستیدا دەنگ بە کۆتایی هێنان بە کوشتنی منداڵان، ژنان، کۆچی زۆرەملێ، جینوساید، ڕووخانی شارە و گوندەکان، کیمیاباران کردن و جۆرەکانی زۆڵم و هەڵاواردن و نابەرانبەرییەکان بووە.

لە بەشێکی دیکە ئەو ڕاگەیەندراوەدا، گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان بە پشتیوانی هەموو حیزب و لایەنە سیاسی و دینییەکان و بەشداری بەرچاوی دانیشتوانی هەرێم بە تایبەتی کورد و غەیرە کوردەکان بە ڕەزامەندیی لە ئاسایشێکی تەواودا، بەڕێوە چوو.

بەڵێ، مافی چارەی خۆنووسین، مافێکی خوایی و زاتی هەر مرۆڤێکە، کە لە یاسا و ڕێسا و کۆنسیوانە نێونەتەوەییەکان و هەروەها یاساکانی مافی مرۆڤیش پێداگریان لە سەری کردووە.

هەست پێکردن بە بەڕێوەچوونی گشتپرسی بە لە بەرچاوگرتنی سەدیەک سووکایەتی کردن لە مافی بەشداربووانی ئەم ڕێفراندۆمە، لە تەواوەتی خۆیدا جێگای هەست پێکردنە.

هەر بەو شێوەیە کە بەرپرسانی هەڕێمی کوردستان چەند جار دووپاتیان کردووتەوە، لەدایکبوونی کوردستانی سەربەخۆ، نە تەنیا نابێتە هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێک، بەڵکوو وەک هەمیشە دەبێتە پارێزەرێک بۆ سنوورەکانی خۆی و دراوسێیەکانی.

ڕەوتی مەکتەب قورئانی کوردستان، بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی خەڵکی بە بەشداری ٧٨% لەو گشتپرسییە بە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی حکوومەت، ڕێبەرانی حیزبە سیاسی و دینییەکان پیرۆزبایی دەڵێن و بە لەبەرچاگرتنی وەلانانی کێشەکان و دروست کردنی هاودڵی لە نێوان بەرپرسانی حکوومەت و حیزب و لایەنەکان، هەتا گارانتی بۆ سەرکەوتنی حکوومەتی کوردستانی سەربەخۆ بن.