پیرانشار/هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بووە قوربانیی تەقینەوەی مین

20:11 - 1 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی ناوچەی، کە بە مەبەستی کۆکردنەوە گژوگیای بەهاری سەردانی کوێستانەکانی نزیک سنووری کردبوو، بەهۆی تەقینەوەی مین لاقێکی پەڕی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ عەلی ئەنباری تەمەن ٣٥ ساڵ و کوڕی محەمەد حەسۆ و خەڵکی کۆنەخانێی پیرانشار کە هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ کۆبوونەوەی گیای بەهاری چووبوونە کوێستانەکانی سنووری تەمەرچین، بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجیماوی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان وڵاتی ئێران و عێراق لاقێکی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، رێکەوتی ٣١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لە سنووری تەمەرچین و لە دیوی ئێران تووشی ئەو رووداوە هاتووەو بە توندی بریندار بووە.

عەلی ئەنباری بە مەبەستی چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی پیرانشار کراوە و هەنووکە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

لە رۆژانی رابردووشدا منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵەی خەڵکی گوندی شێخ سەڵەی سەربە شاری سەلاسی باوەجانی لە کاتی یاری کردندا بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو.