پیرانشار/ ئەندامێکی سوپای پاسداران بەدەستی گریلاکانی پ‌ک‌ک کوژرا

22:32 - 4 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: وتوێژی هێزەکانی سوپای پاسداران لەگەڵ هێزەکانی سەربە حیزبی کرێکارانی کوردستان سەبارەت بە چۆنیەتیی جێگیر بوون و ئارایشی نیزامی، شەڕ و تێکەڵچوونی چەکدارانەی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەندامێکی خۆجێی سوپای پاسدارانی ئێران بە هۆی شەڕ و تێکەڵچوون لەگەڵ گریلاکانی پ ک ک، لە بەرزاییەکانی سەر سنووری پیرانشار، کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار، شووناسی ئەو پاسدارە کوژراوەی \"سەباح باوەفا\" خەڵکی گوندی \"کانی سپی\"ی ناوچەی دەشتەبێڵی شاری شنۆ راگەیاندووە.
ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران فەرماندەری گروهان بووە.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا ئەو دوولایەنە لەسەر چۆنێتی جێگیر بوون و ئارایشی نیزامی لەسەر بەرزاییەکانی \"هەزار جۆگە\"، \" خولە سەر\" و \" کانی خوا\" کە بەسەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا زاڵن، لە گفتوگۆدا بوون و کێشەیان هەبووە.

هەر لەو پەیوەندیەدا هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار، رایگەیاند: رێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی سوپای پاسداران لەو شەڕ و تێکەڵچوونەدا بریندار بوون و بۆ چارەسەری رەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ کراون.

ئامارێکی دروست لە ژامرەی کوژران و بریندار بوونی ئەندامانی حیزبی کرێکارانی کوردستانی (تورکیا) لە بەر دەستدا نییە.

هەروەها کاتژمیر ١٠ی شەوی رابردوو رێکەوتی ٣ی پووشپەڕ، لە پێکدادانێکدا لە نزیک تازاوای سەربە شاری سەلاسی باوەجانی، سێ مەئمووری هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی کوژراون.

شووناسی ئەو لایەنەی کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە، هەتا ئێستا روون نەبووەتەوە.
سەرەتای ئەم حەفتەیەش تێکهەڵچوونێکی هاوشێوە لە چیای شاهۆ نزیک کامیاران هاتە ئاراوە، کە بووە هۆی کوژرانی ٥ ئەندامی خۆجێی سوپای پاسداران و ٢ گریلای پارتی کرێکارانی کوردستان.