پیرانشار/ گازگرتووی گیانی ژنێکی کوردی ستاند

20:33 - 5 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵەی کورد لە پیرانشار بەهۆی گاز گرتووییەوە (هەڵمژینی مۆنۆکسیدی کەربۆن) گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ شەوی یەکشەممە ژنێک بەناوی یادگار و تەمەن ٢٣ ساڵ لە پیرانشار بەهۆی گازگرتووییەوە گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یادگاری تەمەن ٢٣ ساڵ کچی خاڵە مینەی گڕوێس سەربە شاری سەردەشت بووە، کە شەوی ٤ی رێبەندان لە پیرانشار و لە ماڵی خۆی بەهۆی گازگرتووەییەوە بۆتە قوربانی.

بەپشت بەستن بە ئاماری رێکخراوی پزیشکی دادوەریی ئوستانی ئازەربایجان، لە ماوەی ١٠ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا (سەرەتای خاکەلێوە هەتا کۆتایی مانگی بەفرانبار) ١٧ هاووڵاتیی کورد لەو ئوستانە بەهۆی گازگرتووییەوە گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ئەو ئامارە، لەکۆی ئەو ١٧ کەسە، ١٤ کەسیان پیاو و ٣ کەسیشیان ژن بوونە، کە بە بەهۆی گاز گرتووییەوە گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها بەپێێ ئاماری هەمان سەرچاوە، رێژەی قوربانیانی گازگرتوویی بە بەروارد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو ١٣% رووی لەزیادبوون کردووە.