پیرانشار/ دوو برا لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە گیانیان لێ ئەستێندرا

17:07 - 24 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: ٢ هاووڵاتیی پیرانشاری کە برای یەکتر بوون، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە گیانیان لێ ئەستێندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاو بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژ دوو برا بەناوەکانی \"سۆران و سمایل مەعرووفی\"، کوڕی رەسووڵ و خەڵکی گوندی \"گردە نەڵێن\"ی پیرانشار لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە بە ئەقەست دراونەتە بەر ماشێنەکەیان و لە ئەنجامدا دەستبەجێ گیانان لەدەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە رایشیگەیاند کە ئەو دوو کەسە ماتوڕسوار بوون کە بەبێ هیچ هۆکارێک لەلایەن ئەو هێزانەوە کراونەتە ئامانج و گیانیان لێ ئەستێندراوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، تەرمی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە رۆژی رابردوو لە گوندەی خۆیان ئەسپەردەی خاک کراون، بەڵام هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەو پەیوەندییەدا هیچ روون کردنەوەیەکیان بە بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە نەداوە.