پیرانشار؛ ژنێکی دووگیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

09:29 - 26 رەزبەر 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ۲۲ی ڕەزبەر، ژنێک بە ناوی "سۆعدا خەدیرزادە"، کچی ڕەحیم و خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییەیان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر و پاشان ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، سۆعدا خەدیرزادە دووگیانە و پێویستیی بە چاوەدێریی تایبەتی پزیشکییەوە هەیە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، لە چاوەدێریی تایبەت بۆ ژنانی دووگیان هەروەها لە دەسپێراگەیشن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە، بێبەرێ کراوە". 

سۆعدا خەدیرزادە، خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.