پیرانشار؛ چارەنووسی شەش هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو ناڕوونە
لە چارەنووسی شەش هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "یووسف عومەرپوور، موراد مامەڕەش، ئەیووب حەدیسی، ڕەحمان خدمەتگوزار، عەلی عومەرپوور و فەریاد شیلان" خەڵکی شاری پیرانشار پاش دەسبەسەرکرانیان، زانیارییەکی ئەوتۆ لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو شەش هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێدان.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو هاووڵاتییانە لەو ماوەیەدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەنیان بێبەری کراون".
ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: "هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان بێئاکام بووە".
ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندان، "یووسف عومەرپوور" خەڵکی گوندی "چیانە" سەر بە پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.
لەم پەیوەندییەدا ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندان، "عەلی عومەرپوور"، "موراد مامەڕەش"، "فەریاد شیلان"، "ئەیووب حەدیسی" و "ڕەحمان خێدمەتگوزار" خەڵکی شارستانی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.
هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
وێنە: یووسف عومەرپوور، عەلی عومەرپوور، فەریاد شیلان، موراد مامەڕەش، ڕەحمان خدمەتگوزار و ئەیووب حەدیسی