پیرانشار؛ پیاوێک لە کاتی دەمەقاڵێدا هاوسەرەکەی لە ماشین فڕێ داوەتە خوارەوە

09:51 - 4 خەزەڵوەر 2721

پیاوێک لە ڕەوتی شەڕ و دەمەقاڵێ لەگەڵ هاوسەرەکەی بە ناوی "گوڵاڵە دەهار"، کچی عەلی و خەڵکی پیرانشار، ناوبراوی لە ماشینەکەی فڕێ داوەتە خوارەوە و بووتە هۆی گیانلەدەستدانی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ١٣ ڕۆژ لەمەوبەر، هاوسەری ئەو ژنە لە کاتی شەڕ لەگەڵ گوڵاڵە لە جادەی شوماڵ، ناوبراوی لە ماشین فڕێ داوەتە خوارەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "پاش ئەو ڕووداوە، گوڵاڵە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەردەبێڵ کراوە و هاوسەرەکەی خۆی بێسەروشوێن کردووە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەو هاووڵاتییە لە بەخشی چاوەدێریی تایبەتی پزیشکیدا خەوێندرابوو و ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەزەڵوەر، بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

ئەو سەرچاوە هەروەها زیادی کردووە کە بنەماڵەی گوڵاڵە لە ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە، دژی هاوسەرەکەی سکاڵایان تۆمار کردووە.

گوڵاڵە دەهار، خاوەن ٢ منداڵە.