پیرانشار؛ جەهانگیر ساغەرنیا و خەبات خەتیاڵ بێتاوان ناسێندران

10:38 - 17 رەشەمه 2721

جەهانگیر ساغەرنیا و خەبات خەتیاڵ لە چالاکانی مەدەنیی شاری پیرانشار، لە دادگای ئینقلابی ئەو شارە کە بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کرابوون، بێتاوان ناسێندران.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە لە دادگای ئینقلابی پیرانشار بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر، ئەو دوو ئەندامەی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی شاری پیرانشار، بە دانانی بارمتە لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرابوون.

ئەو دوو چالاکە ژینگەییە هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرابوون.

جەهانگیر ساغەرنیا و خەبات خەتیاڵ، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، دەسبەسەر کران و پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە لە بەرپرسانی کافە کتێبی "ئەندێشە" بوون کە ئەو کافەیە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی سەرماوەز لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشارەوە داخرا.