پیاوێکی بەساڵاچوو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

16:13 - 1 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری پاوە بە هۆکاری نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٣١ی گەلاوێژ، پیاوێکی تەمەن ٨٢ساڵەی خەڵکی گوندی \"شمشێر\" سەر بە شاری پاوە خۆکوژی کرد.

شوناسی ئەو پیاوە بەساڵاچووە بە ناوی \"عەبدولقادر کاکایی\" تەمەن ٨٢ ساڵ، خەڵکی گوندی شمشێری پاوە ڕاگەیەندراوە.

ئەو پیاوە بەساڵاچووە بە چەکی كڵاشینکۆف کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژی ئەو کەسە نادیارە.

ڕێژەی خۆکوژی لە ئێران بە نیسبەت وڵاتانی ئورووپایی کەمترە، بەڵام لە نێو وڵاتانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا لە سەرترە و ڕێژەی نزیکەی ٥٠٠ خۆکوژیی جێبەجێ کراو لە ساڵدا لە ئێران تۆمار کراوە و بە یەکێک لە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان هەژمار دەکرێت و ئەو ڕەوتە دزێوە لە حاڵی پەرەسەندن دایە.