پیاوێکی بەساڵاچوو لە پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا

15:00 - 18 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە پیرانشار هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە دەستبەسەرکراوە بە \" محەممەد ئیبراهیمی\" تەمەن ٥٠ ساڵ کوڕی ئەحمەد خەڵکی گوندی\"کۆنەلاجان\"ی پیرانشار ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەتا ئێستا بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەکیان لە مەڕ تۆمەتی وەپاڵدراو و شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی محەممەد ئیبراهیمی نییە و بێ ئاگایی خۆیان لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی ناوبراو دەربڕیوە.

دەوترێ، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران لە شەڕ و تێکەڵچوونی پێشمەرگەکانی شاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سپای پاسداران لە گوندی \"زێوێ\"ی شاری پیرانشار دەسبەسەر کراوە.

هەواڵنێری کوردپا لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە: ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٥٠ ساڵە چەند کاتژمێرێک پێش لە شەڕ و تێکەڵەچوونی\"پێشمەرگەکانی شاری\" سەر بە حدکا لەگەڵ سپای پاسداران دەستبەسەر کراوە.