پۆلیسی ئەمنییەتی کرماشان لە هاووڵاتییان ١١٥ بەڵێننامەی وەرگرت

21:08 - 2 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: لە ڕاستای جێبەجێکردنی گەڵالەی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی لە شاری کرماشان، پۆلیسی ئەمنییەتی ئەو شارە لە ١١٥ هاووڵاتیی ئەو شاره بەڵێننامەی وەرگرتووە و ٣١ کەس لەو پەیوەندییەدا دەسبەسەر کران.

هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیسنا\" لە زاری بەرپرسی پۆلیسی ئەمنییەتی گشتیی شاری کرماشان بڵاوی کردەوە، لە ڕاستای جێبەجێکردنی ئەو گەڵاڵەیەدا، ٣١ماشێنی هاووڵاتییان ڕاگیراوە و ١١٥ هاووڵاتیش بە هۆی لە بەرچاونەگرتنی شئوناتی ئیسلامی (بدحجابی) بەڵێننامەیان لێوەرگیراوە.

محەممەد ڕۆستەمی ڕایگەیاند: \"ڕاگرتنی ئەو ماشێنانە لە شوێنە هەستیارەکانی وەک، پاڕکەکانی تاقوسان، کوێستانەکان و پاڕکەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و شەقامە قەرەباڵغەکان بە تایبەتی نۆبەهار، گۆڕەپانی ١٧ی شەهریوەر، گۆڕەپانی ناوەندی و گلایول جێبەجی کراوە\".

ئەو بەرپرسە نیزامییە بە ئاماژەکردن بە سەرپێچییەکانی ماشێنە ڕاگیراوەکان گوتی: \"ئەو ماشێنانە بە هۆی سەرپێچیکردنی وەک \"آلودگی صوتی\"، ویڕاژدانی مەترسیدار، لەبەرکردنی جلوبەرگی نەشیاو و \"کشف حجاب\" و تەنگ پێهەڵچنین بە نامووسی خەڵک بووە\".

بەرپرسی پۆلیسی ئەمنییەتی گشتیی شاری کرماشان هەروەها ڕایگەیاند: \"لە پەیوەندییەدا ٣١ کەسیش دەسبەسەر کراون که بۆ ٨ کەسیان دۆسیە ساز کراوە و بە ناوەندە قەزاییەکان ناسێندراون\".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: \"لە ڕاستای ئەو گەڵاڵەیەدا، بەڵێننامە لە ١١٥ کەس بە هۆی خۆدانەپۆشینی شیاو وەرگیراوە کە لەو ڕیژەیەدا ٧٠ کەسیان ژن و ٤٥ کەسیان پیاو بوونه و هەروەها بە ٣٨٠ ژن و ٢٩٨ پیاویش هوشداری زارەکی داوە\".