پۆلیسی فەتا دژی بانگەشەی بەشی لەشجوانیی ژنانی سەرپێڵ‌زەهاو و قەسری‌شیرین دژکردەوەی نیشان دا

17:21 - 4 جۆزەردان 2722

پۆلیسی فەتا هۆشداریی بەو ژنانە لە شارەکانی سەرپێڵ‌زەهاو و قەسری‌شیرین دا کە بانگەشە بۆ بەشی لەشجوانیی ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پۆلیسی فەتا هەڕەشەی لەو ژنانە کردووە کە لە ئەگەری دووبارە بانگەشەکردن بۆ بەشی لەشجوانیی ژنان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بەپێی یاسا لەگەڵ ئەوان هەڵسوکەوت دەکات.

ئەو سەرچاوەیە لە زاری یەکێک لەو ژنە وەرزشوانانە کە لە بەشی ئیروبیک و فیتنێس لە شاری قەسری‌شیرین چالاکی دەکات، ڕایگەیاند: "ژنانی وەرزشوان هیچکات یاسایان پێشێل نەکردووە و تەنیا چالاکییەکانی ئەوان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هاندانی ژنان بە وەرزشکردن بووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە پۆلیسی فەتا دەستی بە ڕاگرتنی چالاکیی ژنانی وەرزشوان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کردووە".

ماوەیەک پێش "عەبدولمەهدی نەسیرزادە" بەرپرسی فێدراسیۆنی لەشجوانیی ئێران، پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە ئەو فێدراسیۆنە لەگەڵ ئەو ژنانە کە لە بواری لەشجوانی چالاکی دەکەن، هەڵسوکەوت دەکات.

پاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە و دژکردەوەی بەربڵاوی ژنان، فێدراسیۆنی لەشجوانیی ئێران ڕایگەیاند: "بەشی لەشجوانیی ژنان بە هیچ شێوەیەک لە ئێران قەدەغە نییە".