پۆشینی جلوبەرگی کوردی، دەرکردنی فەرمانبەرێکی کوردی لێکەوتەوە

16:58 - 3 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە فەرمانبەرانی کورد، بە هۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی لە شاری کرماشان، لە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئیدارەی گشتیی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی ئەو شارە، بێبەری کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عەبدولستار وەیسی\"، فەرمانبەری ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شاری جوانڕۆ، بە هۆی پۆشینی جلوبەرگی کوردی لە کاتی سەردان لە ئیدارەی گشتیی پارێزگای کرماشان، لەسەر کارەکەی دەرکرا.

ئەم فەرمانبەرە کوردە، بە هۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی، لەسەر کارەکەی دەرکرا و ئەم هەوڵەی بەرپرسانی ئیدارەی گشتیی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی پارێزگای کرماشان، ناڕەزایەتیی چالاکان و هاووڵاتییانی کوردی لێکەوتووەتەوە.

چالاکانی شاری جوانڕۆ ڕوو لە بەرپرسانی ئیدارەی گشتیی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی پارێزگای کرماشان و ئەو کەسانەی کە سووکایەتی بە جلوبەرگی کوردی دەکەن، ڕایانگەیاند: \"ئەو جلوبەرگانەی کە ئێوە لەبەری دەکەن، جلوبەرگی ئینگلیسی و فەرانسەوییەکانە.\"

هەروەها چالاکانی مەدەنیی جوانڕۆ ئەم هەوڵەی ئیدارەی گشتیی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی پارێزگای کرماشان بەو پەڕی \"بێڕێزی بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی\" دەزانن و ئەو هەوڵەیان مەحکووم کرد.