پڕۆفیسۆرێکی کورد لەلایەن زانکۆی رازیی کرماشانەوە بەربەستی بۆ دروست دەکرێ

19:56 - 5 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زانکۆی رازیی کرماشان دژایەتیی لەگەڵ چوونەسەرەوەی پلەی زانستیی یەکێک لە مامۆستایانی ئەو زانکۆیە دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوکتور محەمەد رەزا هەمزەیی لە وتوێژێکدا لەگەڵ بڵاوڤۆکێکی ناوخۆییدا، ناڕەزایەتیی خۆی بە هەڵسوکەوتی سیستەمی زانکۆی کرماشان لەگەڵ بڕوانامەکەی دەربڕیوە.

ناوبراو ئەو شێوە هەڵسوکەوتەی بەرپرسانی زانکۆی رازیی کرماشانی بە \"بەرچاوتەنگی، نەزانی\" وەسف کردووە.

محەمەد رەزا هەمزەیی (فەریبورز)، خاوەنی بڕوانامەی دوو دوکتورا و پلەیەکی پرۆفیسۆری کۆمەڵناسیی فەرهەنگیی وڵاتی ئاڵمانە.

ئەو کەسایەتییە زانستییەی کوردستان لە وتویژێکدا لەگەڵ حەفتەنامەی \"نقد حال\" باسی لە نەبوونی گۆڕانکاری لە پلەی مامۆستایانی زانکۆ لە ماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا کردووەو گوتوویەتی: من لەسەدا ٤ هەڤیازیی(امتیاز) لێکۆڵینەوەم هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەقی من پێشێل دەکرێت.

پرۆفیسۆر هەمزەیی بەهۆی لێکۆڵینەوەی لە شانامەی کوردی، وەکوو باشترین لێکۆڵەر لە ئێراندا دەستنیشان کراوە، کە چەشنێک لێکدانەوەو شڕۆڤەکردنی بیاڤی فەرهەنگی و زمانەوانیی ناوچەی کرماشان و زاراوەی گۆرانە.

\"24376.jpg\"
ئەم کتێبە لە ساڵانی ١٨٩٧ هەتا ١٩٠٢ی زایینی لەلایەن \"یانست لوویی‌رابینو\" و سەبارەت بە کرماشان نووسراوە
ناوبراو لەو بارەیەوە رایگەیاندووە: ئوستوورەی گۆران، لێرەو لەم ناوچەیەدا رەگی داکوتاوەو وەرگێڕانی ئوستوورەکانی نێو شانامەی فیردەوسی نین، ئەم ئەدەبیاتەش بەشێوەی زارەکی بووە کە دواتر نووسراونەتەوەو ئەو دەقەشی کە لێکۆڵینەوەم لەسەر کردوون، مێژووەکەیان بۆ ١٣٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

راپۆرتێک لەسەر بازرگانی و کۆمەڵگەی کرماشان لە سەدەی ١٩ی زایینی‌دا\" و \"خواستگەی بزاوتن\"، بەرهەمەکانی دیکەی دوکتور فەریبورز هەمزەیین.

دوکتور فەریبورز هەمزەیی لەدایبووی شاری هەرسین لە ئوستانی کرماشانەو قۆناغی منداڵی و مێرمنداڵی لە گەڕەکە کۆنەکانی کرماشان تێپەڕ کردووەو لە ماوەی سەربازییەکەیدا دیپلۆمی زمانی ئینگلیزیی لە ئەنجومەنی ئێرانو ئەمریکا وەرگرت و پاشان بە مەبەستی درێژەدان بە خویندن لە بیاڤی سینەمادا رووی لە هیندستان کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەیکە کەسانی بیانی لەو وڵاتە لە رشتەی سینەمادا وەرنەدەگیران، خوێندنی لە رشتەی ئابووریدا درێژە پێدا و سەرئەنجام لە رشتەی کۆمەلناسی و بیاڤی (بزاوتە کۆمەڵایەتیەیکان)دا پلەی دوکتورای بەدەست هێنا.

بڕوانامەی دوکتوراکەی \"بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران\"ـە؛ دوکتورای دووەمی لە کۆمەڵناسیی ئایینەکاندا لە ئاڵمان وەرگرتووە، دواتر خولێکی دوکتورای باڵای لە رشتەی پەرەپێدانی نێونەتەوەییدا بینیوەو تێزەکەشی براردکردنی سێ وڵاتی روو لەگەشەی ئێران، کۆریا و ئەرژانتین، بووە.