پڕۆفیسۆر "عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ"، نووسەری کورد کۆچی دوایی کرد

12:10 - 11 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: پڕۆفیسۆر عێزەدین مستەفا ڕەسووڵ،بە هۆی نەخۆشییەوە، لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری، پڕۆفیسۆر "عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ"، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

پڕۆفیسۆر "عیزەدین"، کوڕی "مەلا مستەفای سەفوەت"، کوڕی حاجی "مەلای دێلێژە" که ساڵی ١٩٣٤ لە گەڕەکی دەرگەزێن لە شاری سلێمانی لەدایک بووە.

ناوبراو لە لای باوکی لە مزگەوتی "حاجی مەلا ڕەسووڵی دێلێژە" خوێندوویەتی، پاشان لە ساڵی ١٩٣٩ لە قوتابخانەی غازی لە بەر وریایی وەک گوێگر وەرگیراوە.

ناوبراو  دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن چووەتە شاری بەغدا، بووەتە خوێندکاری کۆلێژی شەریعە، بەڵام بەهۆی تێکەڵبوونی بە کاری سیاسییەوە، ساڵی یەکەمی شەریعەی پێ تەواو نەکراوە و دەرکراوە.

لە ساڵی ١٩٥١دا لە خانەی ماڵی مامۆستایان وەرگیراوە، لە ساڵی ١٩٥٢دا، بەشداری له ڕاپەڕینی هەمان ساڵ لە شاری بەغدادا کردووە.

لەو سەردەمەی "عەبدولکەریم قاسم" خوێندکارانی لەسەر ئەرکی دەوڵەت دەناردە وڵاتی سۆڤییەت، "عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ" یەکێک بووە لەو خوێندکارانە.

دوای تەواوکردنی زمان، "عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ" لەگەڵ "کەماڵ مەزهەر" و "نەسرین" چووەتە باکۆ و ساڵی ١٩٦٣دا، دکتۆرای وەرگرتووە.

لە ساڵی ١٩٦٥دا، گەڕاوەتەوە کوردستان و بووەتە پێشمەرگەی حیزبی شیوعی عێراق، بەڵام دوای ساڵێک مانەوە لە بارەگای بارزانی، لە ٢٦ی ١٢ی ١٩٦٦ بە هەوڵی "مەلا مستەفای بارزانی" بووەتە مامۆستا لە زانکۆی بەغدا و لە بەشی کوردی دامەزراوە. ساڵی ١٩٧٩ چووەتە مۆسکۆ و درێژەی بە خوێندن داوە و پلەی دوکتورا و پڕۆفیسۆری وەرگرتووە.

"عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ" یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی نووسەرانی کورد و یەکەم بەیاننامە بە قەڵەمی ئەو نووسراوە.

"عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ" ٨٦ بەرهەمی ناوازەی هەیە، لە سەرەتای گەنجییەوە دەستی بە کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە، دواجار لە گۆڤاری ژین بابەتی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

 دوکتور "عیزەدین" لە ساڵی ٢٠٠٩دا، خەڵاتی "بلە"ی بۆ کەسایەتیی ساڵی لە بواری ئەدەبدا، وەرگرتووە.