پڕۆسەی ئاشتی لەتوركیە وچۆنیەتی پێشوازی كوردەكان لەو پڕۆسەیە +وتووێژ

16:53 - 29 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی كوردپا: دوای سی ساڵ شەڕ و پێكدادان لەنێوان كوردەكان و دەوڵەتی توركیە، باس و خواستی پڕۆسەی ئاشتی لەم رۆژانەدا گرم و گوڕتر بووە و بە دەسپێشخەری سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە، بڕیارە ئەو پڕۆسەیە لەسێ‌قۆناغدا جێبەجێ‌بكرێ‌.

دوای چەندین دانیشتن لەنێوان نوێنەری كوردەكان و دەوڵەتی توركیە و تەنانەت ناردنی هەیئەت بۆ دوورگەی ئیمڕاڵی و كووبوونەوەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان، دەوڵەتی توركیە رایگەیاندووە كە ئامادە ئەم جارە بەشێوەی راستەوخۆ لەگەڵ ئۆجەلان دانوستان بكات.

ئێستا پرسیار لێرەدایە كە ئاخۆ دانیشتنەكانی پێشووی نوێنەرانی دەوڵەتی توركیە لەگەڵ نوێنەری كوردەكان بێ‌ئاكام بووە كە دیانهەوێ‌رێبەری پارتی كرێكاران كوردستان بهێنە ناو گۆڕەپانەكەوە؟ یان وتووێژەكان گەیشتۆتە ئەنجام و پێویستی بە بڕیاری سەركردایەتی هەر دوو لا هەیە؟

\"21623.jpg\"
فەخرەدین حیسام موكری چالاكی سیاسیی و شارەزا لە كاروباری سیاسی وڵاتی توركیە
بۆ تیشك خستنە سەر ئەو بابەتە ئاژانسی كوردپا وتووێژێكی لەگەڵ فەخرەدین حیسام موكری چالاكی سیاسیی و شارەزا لە كاروباری سیاسی وڵاتی توركیە پێكهێناوە و بەڕێزیان هەتا رادەیەك تیشكی خستۆتە سەر ئەو مەسەلەیە و بە وردەكارییەوە وڵامی پرسیارەكانی داوەتەوە.

كوردپا: دوای نزیك بە سی ساڵ شەڕ لەنێوان دەوڵەتی توركیە و كوردەكان و بەتایبەت پارتی كرێكارانی كوردستان چ هۆكارێك وای كرد كە هەر دوو لا روو لە پڕۆسەی ئاشتی بكەن؟ ئایا دۆخی ناوچەكە ئەو پرسەی زیاتر زەق كردەوە یان دۆخی ناوخۆیی پارتی كرێكاران و دەوڵەتی توركیە هانی هەر دوو لای دا؟
فەخرەدین حیسام موكری: حاشا لەوە ناكرێ، شەپۆلی دێموكراتیزاسیۆن كە باڵی بەسەر ناوچەكەدا كێشاوە، وڵاتێكی وەكوو توركیاش بگرێتەوە كە زیاتر لە هەموو وڵاتانی ناوچەكە بەرامبەر ئەو پرسە دەتوانێ نەرمی بنوێنێ، چونكە لانی كەم لەو وڵاتەدا نیمچە بناغەیەكی دیموكراسی ئەگەر هەر بۆ نەتەوەی توركیش بێ، دانراوە. ئەمە رەهەندی ناوچەیی ئەو پرسەیە. بەڵام لە ئاستی ناوخۆییش هەر بە پێی دانپێدانانی خودی بەرپرسانی حكومەت، شەڕی نزیك ٣٠ ساڵەی كورد و لەناویشیدا پ.ك.ك، زیانی ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ ملیار دۆلاری لە دەوڵەتی توركیا داوە. (ئەمە وتەی زەفەر چاغلایان وەزیری ئابووری حكوومەتی ئەردۆغان كە ساڵی رابردوو لە رۆژنامەی سۆزجو بڵاوكراوە). كەواتە هەر دوو فاكتەری دەرەكی و ناوخۆیی توركیا و ویستی ئەو وڵاتەش بۆ یاریكردن لە گەمە نوێیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە توركیایەكی بەهێز و یەكدەستی پێویستە، نەك تەنیا لە بواری سیاسی، بەڵكوو لە بواری ئابووری و وزەشدا، وا دەكات ئەو پرسە بە ئاراستەی چارەسەری بڕوات. بۆ لایەنی كوردیش هەروەها ئەو بۆچونە یەكلابۆتەوە كە چەك بۆ پاراستنی گیان هەڵگیراوە و خواست لەسەر چارەسەری ئەو پرسە بە بەراورد بە دەیەی ٩٠ـەكان كە ئەو كاتە ئۆجەلان ئازاد بوو، زۆر زیاتر بووە.

كوردپا: لەناو پارتی كرێكارانی كوردستاندا كۆدەنگێك لەسەر پڕۆسەی ئاشتی بەدیی ناكرێ‌، سێ‌بۆچوونی جیاواز لە قەندیل، زیندانی ئیمراڵی و ئەندامانی ئەو پارتە لەئورووپا هەیە، بەرای ئێوە پڕۆسەی ئاشتی بەو ڕایە جیاوازانەوە دەتوانێ‌سەقامگیر بێت؟
حیسام موكری: ئەو بۆچونە هەبوو كە ناكۆكییەك لە نێوان بەرپرسانی پ.ك.ك لە ئەوروپا و سەركردایەتی ئەو حیزبە لە قەندیل و تەنانەت سیاسەتمەدارانی كوردی ناوخۆ، سەر بە BDP هەیە و تێكڕایان لەسەر هەندێك نەرمی نواندنی ئۆجەلانیش ناكۆكن. بەڵام سەرئەنجام لە فوریەی ساڵی رابردوو ئۆجەلان دەستپێشخەرییەكی كرد و ٣ نامەی جیای بۆ BDP و قەندیل و بەرپرسانی پ.ك.ك لە ئوروپا نارد و بە رەسمی داوای لێكردن كە لە قەندیل كۆببنەوە و بۆچونەكانیان یەك بخەن و تەنانەت بە پێی هەندێك زانیاری كە ئەو كات درزی كرد، راگەیاندرا كە ئۆجەلان سوورە لەسەر ئەوەی ئاگربەست بەردەوامی هەبێ و پ.ك.ك دەستپێشخەری چەكداری نەكات. دوای ئەوە هەتا ڕادەیەك یەكدەنگی لە نێوانیان دەبینرێ.

كوردپا: عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری دەستبەسەركراوی پارتی كرێكارانی كوردستان هەر لەسەرەتای پڕۆسەی ئاشتییەوە رۆڵێكی بەرچاوی گێڕاوە هەر چەندە رەوتی بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی ئاشتی بە سارد و سڕی ناو بردووە، بەڵام پێداگر بووە لەسەر جێبەجێ‌كردنی، ئاخۆ قەندیل و پارتە سیاسییەكانی ناوخۆی توركیە لەسەر ئەو ڕایە یەك هەڵوێستن؟
حیسام موكری: ئەوەیكە پڕۆسەكە لەسەرخۆیی پێوە دیارە، راستە. بەڵام چارەسەری كێشەیەكی ٩٠ ساڵە لە ماوەیەكی كورتدا مەحاڵە. ئەو پرسە تەنیا بە لایەنی سەربازی و سیاسی ئەو وڵاتە نەبەستراوەتەوە و رەهەندی كۆمەڵایەتی و چەندین دەیە حاشا لە بوونی كورد و دژایەتی لەگەڵ شوناس و بە پیاوكوژ ناوبردنی و لە بەرامبەریشدا نەبوونی متمانەی لایەنی كوردیش بە هەرچی سیاسەتمەداری داگیركەرە، وادەكات دوو لایەن بە هەستیارییەوە هەنگاو بنێن. بۆ توركیا ئەو هەستیارییە زیاتریشە و ئێستا كەمتر بەڵام لەسەرەتادا ئەگەری هەڵگەڕانەوەی رای گشتی توركی لێدەكرا. بۆیە بەرێز ئۆجەلانیش دەزانێ كە دەبێ خۆی و پارتەكە و گەلی كورد لەو سنوورە جوغرافیایە، پشوو درێژ بێ. ئەو بە هەستكردن بەو بەرپرسارێتییەی كە وەكوو رێبەرێك لەناو بەشێكی زۆری كوردی باكووری كوردستان هەیەتی، بەری هەرچەشنە توندڕەوییەكی هەڤاڵانی خۆی گرت. جگە لەوەش لە دانیشتنە نەهێنییەكانی خۆی یان هەڤاڵانیشی لە ئەوروپا جەختی لەسەر میكانیزمێك كردەوە كە زۆر گرنگ بوو و بناغەی چارەسەری كێشەكەی فەراهەم دەكرد، ئەوەیش بە یاسایی ناساندنی ئەو پرسە بوو لەلایەن خودی دەوڵەتی توركیا، كە سەركەوتووش بوو و سەرەئەنجام حكومەتی توركیا لە چوارچێوەی یاسادا لە گەورەترین مەرجەعی یاسایی خۆی واتە پەرلەمان پرسەكەی تاوتوێ و رێگەكانی چارەسەری پەسەند كرد.

كەسایەتییەكان و پارتە سیاسییە كوردەكانی توركیاش چ ئەوانەی یاسایین و چ ئەوانەی رێگەی چالاكی سیاسییان لە ناوخۆی توركیا پێنادرێ، وەكوو پارتی سۆسیالیستی باكوور، لەسەر ئەو پرسە كۆكن كە چارەسەری كێشەی كورد لە رێگەی دیالۆگ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی، هەلێكی باشە و بە تایبەتی لە قۆناغی ئێستادا كە حكوومەتی ئاكەپە دەرگای بۆ چارەسەری كێشەكە واڵاكردووە.

كوردپا: عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەم دوایانە پەیامێكی لە زیندانی ئیمڕاڵییەوە بڵاو كردۆتەوە و باسی لەوە كردووە كە شەڕی سی ساڵەی كوردەكان لەگەڵ دەوڵەتی توركیە بەرەو كۆتایی دەروات؟ ئەوە دەتوانێ‌هەڵگری چ پەیامێك بێت؟
حیسام موكری: شەڕی ئەو سێ دەیەی كورد و حكوومەتی توركیا بە پێی ئامارێكی فەرمی كۆمسیۆنی بەدواداچوونی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی توركیا بە گشتی تا ئێستا ٢٥٥٧٦ كوژراوی دوو لایەنی لێكەوتۆتەوە و رەنگە زیاتریش بێ، بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە و كۆتاییهێنانی پێی چەندین مانگە هەر دوو لایەن لەگەڵ یەكتر لە وتووێژدان بۆ ئەوەی نەخشە رێگەیەك بدۆزنەوە و بە پێی خشتەیەكی زەمەنی پیادەی بكەن. بە تایبەتی دوای ئەوە بە رەسمی پەرلەمانی توركیا پرۆژەی یاسای چارەسەری كە لە لایەن پارتی داد و گەشەپێدانەوە گەڵاڵە كرابوو، پەسەندی كرد، وتووێژەكان شێوازی فەرمی پێدرا و دوو لایەن لەسەر ئەو پرسە گفتگۆیان كرد.

ئەو پەیامەی ئۆجەلان رەنگە بەو مانایە بێ كە ئەوان لەگەڵ دەوڵەتی توركیا لە ئەنجامی گفتگۆكان، لەسەر ئەو نەخشە رێگەیە رێككەوتوون و قۆناغ بە قۆناغ بەڕێوەی دەبەن. تەنانەت دەنگۆی ئەوەش هەیە كە لە مانگی ئەیلولدا و بە تایبەتی لە رۆژی ١ی ئەیلول كە رۆژی جیهانی ئاشتیە، وەچەرخانێك لەو پرسەدا ببینین.

كوردپا: رۆڵی سەرۆك وەزیری توركیە رەجەب تەیەب ئەردۆغان لەهێنانە بەر باسی ئەو پڕۆسە و بەرەوپێشبردنی چۆن هەڵدەسنگێنن؟ بوون بە سەركۆماری ئەردۆغان چ كاریگەرییەكی لەسەر ئەو پڕۆسەیە دەبێ‌؟
حیسام موكری: ئەردۆغان سیاسییەكی بە ئەزمونە كە لە ساڵی ١٩٨٣ەوە سیاسەتی دەستپێكردووە. گەورەترین هونەری ئەردۆغان لە هونەری بەڕێوەبردنیدایە. كاتێك لە ساڵی ١٩٩٤ بوو بە سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ، شارەوانی ئەو شارە ٢ ملیار دۆلار قەرزدار بوو، ئەردۆغان بە كارگێرییەكی باش توانی نەك قەرزەكان بداتەوە بەڵكوو توانی ٤ ملیار دۆلاریش لەو شارە و دەورانپشتی سەرمایەگوزاری بكات. لە سیاسەت و ئیداری وڵاتیش دا ئەو پیاوە توانیوێتی هونەری بەرێوەبەری خۆی نیشان بدات. ئەو خۆی قوربانی دەستی دەسەڵاتە تۆتالیتەر و میلیتاریستەكانی توركە. بۆیە من پێم وایە ئەو بە ئەزمون وەرگرتنی لە سەردەمی تورگوت ئۆزاڵ، دەرگا داخراوەكانی ئەو پرسەی قۆناغ بە قۆناغ كردەوە. لە زۆر قۆناغدا ئەردۆغان گەڕاوە بۆ رای گشتی خەڵكەكەی بۆ ئەوەی پشتیوانی ناوخۆیی و لە تەنیشت ئەویشدا سەرنجی رای گشتی جیهانی بە چاوی دوژمنان و ركابەرانی ناوخۆیی خۆی دابدات.

دەنگهێنانەوەی پارتەكەی ئەرۆدغان لە سێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی (٢٠٠٢-٢٠٠٧-٢٠١١) و دوو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری (٢٠٠٧-٢٠١٤) كە ئەوەی یەكەم لە ناو پەرلەماندا هەڵبژێردرا . سێ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان (٢٠٠٤-٢٠٠٩-٢٠١٤) و دوو ریفراندۆم بۆ گۆرنی دەستور (٢٠٠٧ و ٢٠١٠)، نمونەی ئەو بۆچونەكەی ئەرۆدغانە كە بۆ هەر هەنگاوێك پشتیوانی جەماوەركەی بە گوێ ناحەزانی گەیاندووە، نەوەك هەوڵەكانی هەڵوەشێننەوە. ئەردۆغان بۆ كۆكردنی پشتیوانی دەرەكیش درێغی نەكرد. ئەو توانی رنجی یەكیەتی ئوروپا و ئەمریكاییەكانیش بۆ هەوڵەكانی رابكێشێ بۆ ئەوەی ئەوانیش پشتی بگرن. نمونەی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ ساڵی ٢٠١٣ كە پشتوانی لە هەوڵەكانی حكومەتی ئاكەپە كردووە بۆ چارەسەری پرسی كورد لەو وڵاتە ئەگەرچی بە داخەوە ئەوان بە پرسی تیرۆر ناویان هێنابوو. بە گشتی ئەردۆغان بە بڕوای من سەردەمداری ئەو جوڵانەوەیە بووە، لەگەڵ ئەوەیدا ئەگەر پاڵنەرە دەرەكییەكانیش نەبان، بەرێوەبردنی ئەو پڕۆژەیە مەحاڵ دەبوو.

كوردپا: بەڕای ئێوە هەڵبژاردنەكانی ئەم دوایەی سەركۆماری لەتوركیە و هێنانەوەی كەمتر لە ١٠%‌‌ی دەنگەكان لەلایەن سەلاحەدین دەمیرتاشەوە، نیشانەی ئەوە نیە كە كوردەكان نەیانتوانیوە سیاسەتێكی گشتگیر بەڕێوە ببەن؟ سەرەڕای ئەوەی كە پەكەكەش پشتیوانی لە سەركۆماری دەمیرتاش كرد.
حیسام موكری: ئەوەندی پەیوەندی بە یەكگرتوویی كوردەكانەوە هەیە، راستە، بەڵام زیاتر كوردەكان لەو وڵاتە گەیشتونەتە ئەو باوەڕە كە دەبێ پشتیوانی لە ئەردۆغان بكەن بۆ ئەوەی پاڵپشتیەكی بەهێز بۆ چارەسەری كێشەكە بدۆزنەوە. بۆیەش دەبینین لە هەڵبژاردنە یەك لەدوای یەكەكاندا لە ناوچە كوردییەكان سنووری دەنگەكانی ئاكەپە نزیكە لە كوردەكان و تەنانەت هەندێك شوێن زیاتریشە.

كوردپا: خاڵی پێك ناكۆكی كوردەكان لەگەڵ دەوڵەتی توركیە چییە؟ یان بە واتایەكی دیكی گرێ‌كوێرەی پڕۆسەی ئاشتی و سەرنەگرتنی هەتا ئێستا لە كوێ‌دایە؟ ئایا هەر دوو لا دەتوانن بە سەریدا زاڵ بن؟
حیسام موكری: لە ئاست هەر دوو لایەنی پ.ك.ك و حكومەتی توركیادا، نەبوونی متمانە گەورەترین كۆسپی بەردەم ئەو پڕۆسەیە. بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا هەر دوو لا گیرەدۆی كۆمەڵێك بیروبۆچونی چەوتن كە رێگە نادەن ئەو پرسە بە لەخۆبردوییەوە بچێتە پێشەوە. ئەمە تاوانبار كردنی هیچ لایەنێك نییە، بەردەوام هۆشداریدانی ئۆجەلان كە ئەو قۆناغە قۆناغێكی هەستیارە، نیشان دەدا كە بەرەی كوردیش بۆچونی سەقەتی تێدایە كە زیان دەگەیەنێتە پڕۆسەكە. بەڵام رەنگە ئەو قۆناغەش تێپەرێ، چونكە ئیتر ئەو پرسە لە پرسێكی سەربازییەوە بۆتە پرسێكی سیاسی و هاوكاتیش بە میدیایی كراوە و جیهان لێ ئاگادارە و هیچ لایەنێك ناتوانێ رۆڵی تێكدەرانەی هەبێ، بە پێچەوانەوە هەر لایەك بیهەوێ رۆڵی نێگاتیڤ بگێرێ، بەختی خۆی رەش دەكات.

ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا: سپاس بۆ بەڕێز فەخرەدین حیسام موكری