پڕوپاگەندەی بەربڵاوی ڕاگەیەندراوەکانی سەر بە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان، دژی حیزبە کوردییەکان دەستی پێکردەوە

12:46 - 2 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: ماڵپەڕەکانی سەر بە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان پاش ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان لە کوردستان، پڕوپاگەندەی میدییان دژی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە دەست پێکردووەتەوە.

پاش خۆپیشاندانەکان لە سنە، ماڵپەڕەکانی سەر بە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان ئیدعای ئەوەیان کردووە کە حیزبە کوردییەکان، بەتایبەتی کۆمەڵە و دێموکرات، هۆکاری سەرەکیی ئەو توندوتیژییانەن.

ئەو ماڵپەڕانە ئیدعای ئەوەیان کردووە کە ئەندامانی حیزبەکانی کۆمەڵە و دێموکرات بە هاندانی هاووڵاتییانی ناڕازی، هێزە ئینتزامییەکانیان بەردباران کردووە و هەروەها ناوەندە دەوڵەتییەکانیان ئاگر تێبەرداوە.

ئەو ماڵپەڕانە وتوویانە، بەشێکی زۆر لە بینای شارەداریی ناوچەی ١ی سنە و بینای ئیدارەی گشتیی کارەبای ئەو پارێزگایە تێکدراون و ژمارەیەک لە بانکەکانی ڕێگای فەیزاوا هەتا چوارڕێیانی چوار باغ، شەقامی ١٧ی خەرمانان، فێرخواز (کارآموز) و کەمەربەندیی کرێکارانیان ئاگر تێبەرداوە.

لەو پەیوەندییەدا، جێگری سیاسی- ئەمنییەتیی پارێزگاری سنە و فەرماندەی هێزە نیزامییەکانی ئەو پارێزگایە، هاووڵاتییانی ناڕازیی بە "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردبوو.

پاش کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی کوردستان، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، پشتیوانیی خۆی لە هاووڵاتییانی ناڕازی ڕایگەیاند.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا، جارێکی دیکە پێداگریی لەسەر هاوپەیوەندی و پێویستیی یەکیەتیی نێوان تەواوی نەتەوەکانی ئێران کردەوە و خۆی بە پشتیوانی ئەو حەرەکەتە ناڕەزایەتییە ڕەوایە زانی.