په‌نجا كرێكاری بەنداوی داریان لە شاری پاوە لەسەر كار دەركران

19:08 - 14 بەفرانبار 2711
كوردپا: 50 كرێكاری كوردی بەنداوی داریان لە شاری پاوە لەلایەن بەرپرسانی كۆمپانیای بەڵێندەرەوە لە سەر كار دەركران.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا لە شاری پاوە، دوای ئەوەی كە كرێكارانی بەنداوی داریان بە هۆی وه‌رنه‌گرتنی حەقدەست و مووچە‌ی 5 مانگیان بۆ ماوەی 4 رۆژ مانیان لەكار كردن گرت، بەرپرسانی پێوەندیدار لەبری وڵامدانەوە بە داخوازییەكانیان 50 كرێكاری كوردیان لەسەر كار دەركردووە.

بە وتەی یەكێك لە كرێكارانی ئەو بەنداوە، بەرپرسانی كومپانیای بەڵێندەر بەشێكیان سەر بە ناوەندە ئەمنیەتییەكانن و بە كرێكارانیان راگەیاندووە ئەگەر بێت و جارێكی تر مان بگرن، ئەوا هەموویان لەسەر كار دەردكرێن.

حکوومه‌تی ئێران لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران سەرقاڵی ساز کردنی چەندین بەنداون کە لەگەڵ کێشەی جۆراوجۆر بەرەوڕوون لە مانگی رابردووشدا لە بەنداوی \"ژاوە\" لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە ٤٠ کەس لە کریکاران به هۆی پاس نەدانی چوار مانگ له مووچەکانیان لەسەر کار دەرکران.
وێنه: فۆتۆ پاوه