پلانێکی وەزارەتی پەروەردەی تورکیە لەمەڕ زمانی کوردی ئاشکرا بوو

03:08 - 20 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: پلانێکی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی تورکیە لەمەڕ دژایەتی کردنی و هەڵاواردن لەهەمبەر زمانی کوردیدا ئاشکرا بوو.

رۆژنامەی \"حوڕییەت\"ی تورکیه لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، بەپێی ئەو راپرسییەی کە ئەمساڵ وەزارەتی پەروەردەی تورکیە بە نهێنی لە نێو قوتابیانی پۆلی پێنجەمی سەرەتایی ٨١ شاری کوردنشینی ئەو وڵاتەدا ئەنجامی دابوو، زۆربەی قوتابیان \"زمانی کوردی\"یان وەک زمانی دڵخواز بۆ وانەکانی خوێندن هەڵبژاردبوو.

\"11031.jpg\"
لەدرێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە، کە وەزارەتی پەروەردەی تورکیە پاش بەڕیوەبردنی ئەو راپرسییە و دەرکەوتنی ئەنجامەکەی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی خواستی قوتابییان، ئەو راپرسییەی ئارشیڤ کردووە.

هاوکات ئەو رۆژنامەیە ئەوەشی خستۆتەڕوو کە لە نیوان ئەو ٨١ شارەدا، شاری دیاربەکر زۆرترین رێژەی قوتابیانی خوازیاری زمانی کوردی لە خۆ گرتووە و زمان و زاراوەکانی وەک: \"ئابخازی، چەرکەزی، ئادیزخزە لە پلەکانی دیکەدا بوون.

ماڵپەڕی \"ئاڤێستا\" بڵاوی کردەوە کە ٢٨ هەزار و ٥٨٧ قوتابی بەشدارییان لەو راپرسییەداکردووە کە لەکۆی ئەو رێژەیە تەنیا لە ٢٨ شاردا، ١٨ هەزار و ٨٤٧ قوتابی زمانی کوردیان وەک زمانی خوازراو هەڵبژاردووە.