پشکنینی نووسینگەی چاپەمەنیی "باشوور" و هێرش بۆ سەر ماڵی بەڕێوەبەری ئەو نووسینگەیە

17:48 - 21 رێبەندان 2721

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕێبەندان، هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، هێرشیان کردە سەر ماڵی شەخسیی "محەممەد مورادی نساری" نووسەر، شاعیر و بەڕێوەبەری چاپەمەنی "باشوور" لە ئیلام و هەوڵی پشکنینی ماڵەکەیان داوە و دەستیان بە سەر هێندێک کەرەستەی کەسیی وەک موبایل و کامپیوتێری ناوبراودا گرتووە.

یەکێک لە چالاکانی فەرهەنگیی ئیلام وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای ڕایگەیاندووە هاوکات لەگەڵ پشکنینی ماڵی ئەو نووسەر و شاعیرە کوردە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر نووسینگەی باشوور و هەوڵی پشکننیان داوە.

مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٧، چاپەمەنیی "باشوور"بە بەڕێوەبەرایەتی محەممەد مورادی نساری لە شاری ئیلام لە بیاڤی زمان وێژەی کوردیی باشوور چالاکییەکانی خۆی دەست پێکردووە.

خەڵاتی ئەدەبیی "باشوور" کە خەڵاتێکی نادەوڵەتییە هەر ساڵە لەلایەن چاپەمەنیی باشوورەوە بە یەکێک لە شاعێران و نووسەرانی کورد دەدرێت.