پشتیوانیی خوێندکارانی زانکۆی پەیام ‌نووری مەریوان، دژکردەوەی وەزارەتی نێوخۆی لێ کەوتەوە

22:10 - 2 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: پشتیوانیی خوێندکارانی زانکۆی پەیام‌ نووری شاری مەریوان، لە دووکانداران و بازاڕیانی مانگرتووەی شارکانی کوردستان، دژکردەوەی وەزارەتی نێوخۆی بەدواوە بوو.

وەزارەتی نێوخۆی ئێران، سەبارەت بە پشتیوانیی خوێندکارانی زانکۆی پەیام‌ نووری شاری مەریوان لە بازاڕیانی مانگرتووی شارەکانی کوردستان، دژکردەوەی لە خۆی نیشان داوە و ڕاگەیاندووە: خەڵکی شارە سنوورییەکان لەو مانگرتنانەدا، هیچ دەستیکیان نەبووە و پشتیوانیان لە مانگرتووەکان نەکردووە.

شەممە ١ی بانەمەڕ، خوێندکارانی زانکۆی پەیام‌ نووری شاری مەریوان، بۆ پشتیوانیی لە بازاڕیانی مانگرتووی کوردستان، لە هۆڵی سەرەکیی ئەو زانکۆیە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ڕێکخست. \"ئەو خوێندکارانە بە هەڵگرتنی پلاکاردگەلێک بە دروشمی وەک \"نا بۆ داخرانی سنوورەکان، نان و کار\" و ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ پشتیوانیان لە داخوازیی بازاڕیانی مانگرتوو کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ی خاکەلێوە، بەرێوەبەری گشتی کاروباری سنوورەکانی وەزارەتی نێوخۆ لە پەیوەندیی لەگەڵ مانگرتنی دووکانداران و بازاڕیانی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"ئیسنا\" ڕایگەیاند: لە هێندێک لە شارەکانی کوردستان کە مانگرتن ڕووی داوە، دەستی ژمارەیەک لە دووکاندارن و بازرگانیانی لە پشت بووە.

شەهریار حەیدەری، لە درێژەی ئەو وتووێژە بە ئاماژەکردن بە نایاسایی بوونی مانگرتنەکان و ڕەتکردنەوەی پشتیوانیی شارە سنوورییەکان کرد و وتی: \"ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانە نایاسایی بوون و خەڵکی شارە سنوورییەکان بە هیچ جۆرێک دەستیان لەو مانگرتنانەدا نەبووە.

لە پەیوەندیی لەگەڵ مانگرتنی دووکانداران و بازاڕیانی شارەکانی کوردستان، سەعید جەلیلی، ئەندامی باڵای شۆرای ئەمنیەتیی نیشتمانی، سەردانی شاری بانە کرد و لە مزگەوتی \"جامعـ\"ـی ئەو شارە لەگەڵ خەڵک کۆ بووە و ئەو کۆبوونەوەش لەگەڵ ناڕەزایەتیی خەڵکی شاری بانە بەڕەوڕوو بووە.

لە لایەکی دیکەوە، عەبدوڵڵا ڕەمەزانزادە، بەڕێوەبەر و وتەبێژی دەوڵەتی محەممەد خاتەمی، سەبارەت هاتنی سەعید جەلیلی بۆ شاری بانە وتبووی: \"لە جیاتی هەناردنی سەعید جەلیلی، وەزیری بازرگانتان بناردایە\".

لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەوە، بازاڕیانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان، زیادکردنی نرخی گومرۆکەکان دەستیان دایە مانگرتن و ئەم مانگرتنانە فراوانتر بووه و شارەکانی مەریوان، سەقز و پیرانشاریشی گرتووەتەوە.