پشتگوێخستنی کچە وەرزشوانێکی کرماشانی لەلایەن بەرپرسانی وەرزشی و حکوومەتییەوە

10:56 - 27 رەشەمه 2719

"سارا شێربەیگی"، کچە وەرزشوانی کرماشانی و خانمی گوڵی ئاسیا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنا، گلەیی لە بەرپرسانی وەرزشی و حکوومەتی لەو شارە کردووە کە تەنانەت ئامادە نەبوون پیرۆزبایی سەرکەوتنی پێ بڵێن.

ئەو ئەندامی تیمی میللیی ئێرانە لە فووتساڵدا و ناوی لەنێو ١٠ کەسی یەکەمی باشترینەکانی فووتباڵ لە جیهان بۆ ساڵی ٢٠١٩ بووە.

ناوبراو باسی لە کەمتەرخەمیی بەرپرسان بەنیسبەت خۆی کرد.

ئەو کچە وەرزشوانە کوردە هەروەها وتوویەتی، دیاریکردنی ١٠ کەس وەکوو باشترینەکانی فووتساڵ، هەر ساڵە بەپێی سەرکەوتنی تاکەکەسی و تیمی ئەنجام دەدرێت. ئەوەی کە کرماشانییەک لە ئاستی ئێران، ئاسیا و جیهان دەدرەوەشێتەوە، شانازییەکە بۆ پارێزگاکەمان، بەڵام بەداخەوە هیچ بەرپرسێکی وەرزشی و حکوومەتی تەنانەت ئامادە نەبوون لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پیرۆزبایی پێ بڵێن.

پشتگوێخستنی فووتساڵی ژنان لە کرماشان لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندییدارەوە، بووەتە هۆی ئەوەیکە کچە وەرزشوانەکانی بواری فووتساڵ لەو شارە کۆچ بکەن.