پشتگوێخستنی ئازار و زامی بەرکەوتووانی کیمیابارانی شاری سەردەشت

15:01 - 10 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: میوانانی ڕێوڕەسمی ساڵڤەگەڕی بۆردمانی کیمیابارانی شاری سەردەشت، لەسەدا ٥٠ کەمی کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی پووشپەڕ، لە بۆنەی ٣١ـەمین ساڵڤەگەڕی بۆردمانی کیمیابارانی شاری سەردەشت، بەشداریی کەمی پشتیوانان و ڕەخنەگرانی شارەکانی سەردەشت، بۆکان، بانە، شنۆ، هەڵەبجە و چەند شارێکی دیکە، لەسەر گۆڕی قوربانییانی کیمیابارانی شاری سەردەشت، قوربانییانی ئەو کارەساتەی ناڕازی و بێهیواتر کرد.

بەپێی لێدوانی بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمە، میوانانی ئەمساڵی قوربانییان، لانیکەم لەسەدا ٥٠ کەمی کردووە، کە هۆکارەکەی لە لێدوان و گلەییی بەرکەوتووان دەتوانین ببینین؛ بەتایبەتی پشتیوانی نەکردنی بەرپرسانی پەیوەندیدار، نەبوونی پشتیوانیی ماڵی ـ مەعنەویی خەڵک و ئەنجومەنەکان،
بەکردەیی نەکردنی بەڵێنیی بەشداران لە ساڵانی ڕابردوودا لەو ڕۆژ تایبەتەدا.

سووسەن حەسەنزادە، نووسەر و ئەندامی چالاکی مەکتەبی ئەدەبیی دارکۆلیسم لەو ڕێوڕەسمەدا، بە هاودەردی کردن لەگەڵ بەرکەوتووانی کیمیابارانی ئەو شارە، بەڵێنی پشتیوانیی ماددی و مەعنەوی دا و ڕایگەیاند مەکتەبی ئەدەبیی دارکۆلیسم، کە مەکتەبێکی ئاشتییە، لە ئاستی توانایی و ئیمکانات ئەو مەکتەبە، یارمەتی بەرکەوتووانی ئەو کارەساتە دەدات و لە ساڵی داهاتوو (٩٨) لە هەمان ڕۆژدا، بە پێکهێنانی کۆبوونەوەیەک لەسەر گۆڕی بەرکەوتووانی کیمیاباران، ڕاپۆرتی کاری یەکساڵەی خۆی پێشکەش دەکات.

حەسەنزادە، هەروەها لە وتەکانیدا، بەرپرسان و ئۆرگانەکانی پەیوەندیداری، تەنیا بە بەشێک لە ڕەوتی تووی بێهیواییی بەرپرسان زانی و ڕایگەیاند: گرینگی نەدانی بەرپرسان، نە تەنیا لەو حاڵەتە تایبەتییەدا، بەڵکوو تەواوی کۆمەڵگای گرتووەتەوە.

ناوبراو هەروەها پێداگریی لەسەر ئەوە کرد، کە دەبێت بەرپرسان و پشتیوانانی سەرەکیی قوربانییان، خەڵکی و ئەنجومەنەکان بن؛ بۆ ئەوەی کە ئەو قوربانییانە بەشێک لە ئەندامانی خەڵک و ئەنجومەنەکانن؛ کە هەرچی زووتر و بەرپرسانەتر لە ڕێگای ئەو خەڵک و ئەنجومەنانەوە دەبێ دەرمان و پێڕاگەیشتنی بۆ بکرێت.

ناوبراو بەرێوەبردنی ڕێوڕەسمێکی لەو چەشنە، بە بیانوویەک بۆ لەکۆڵ خۆکردنەوەی بەرپرسان زانی و ڕایگەیاند: هەر ساڵ بەرپرسان لە وەها ڕۆژێکدا بەڵێنی زیاتر بە قوربانییانی کیمیابارانی ئەو شارە دەدەن و هیچ کاتە بەڵێنەکان بەکردەیی ناکەن.

رێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، شاری سەردەشت لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی حکوومەتی بەعسی عێراقەوە بۆردمان کرا و لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی پاش کیمیابارانەکە ١٤٠ کەس گیانیان لەدەست دا.