پزیشکێکی کورد پاش ڕوونبوونەوەی حوکمەکەی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

11:38 - 17 خاکەلێوه 2720

ڕۆژی شەممە ١٦ی خاکەلێوە، دوکتور "ڕەحیم یووسف پوور"، پزیشکی ناسراوی خەڵکی سەقز، لە لقی ٣ی لێپرسینەوەی دادگای گشتیی ئەو شارە، پاش ڕوونبوونەوەی حوکمەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

"شاهد عەلەوی"، ڕۆژنامەنووس و دانیشتووی واشنتۆن بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، باسی لە ئازادکردنی دوکتور "ڕەحیم یووسف پوور" بە دانانی بارمتەی ٧٠ ملیۆن تمەنی کرد.

ئەو پزیشکە پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەقز، بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە ئینیستاگرامەکەی، بە دانی زانیاری سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەگەڵ دژکردەوەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بەرەوڕوو بووەوە.

ناوەندە ئیتلاعاتییەکان  لە ماوەی مانگێکدا، بۆ گوشار خستنە سەر پزیشکی خۆشناوی سەقزی، ٨ جار بانگهێشتنامەیان بۆ ناردبوو و ڕۆژی شەممە ١٦ی خاکەلێوە لە دادگا حوکمەکەی ڕوون کرابووەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەمە،  دوکتور "ڕەحیم یووسف پوور"، بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەلایەن ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرابوو.

دوکتور "یووسف پوور" داوای لە بەرپرسانی حکوومەت لە سەقز کردبوو کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەوسارپچڕاوی کۆرۆنا، ئەم شارە بخەنە دابڕگەوە.