پزیشکێکی کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە کوژرا

15:16 - 28 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: پزیشکێکی کوردی خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٦ی رەشەمەی ئەمساڵ تەرمی پزیشکێکی کورد بەناوی \"عەلی‌رەزا بێهـئافەرین\" کە بەدەستی هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژرابوو، لە سەر رێگەی شاری سەوڵاوا بۆ سنە دۆزرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو پزیشکە کوردە ٣ مانگ پێش ئێستا لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە نزیک شاری سەوڵاوا رفێندرابوو.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو کە بنەماڵەی عەڵی‌رەزا لەماوەی ئەو ٣ مانگەدا چەندین جار سەردانی ناوەندە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان کردبوو، بەڵام هیچ هەواڵێکیان لەمەڕ چارەنووسی روڵەکەیان پێ رانەگەیەندرابوو.

عەلی رەزا بێهــئافەرین خاوەن ژن و منداڵ و خەڵکی شاری سنە بووە و لە شاری تاران پزیشکی دەروونناسی بووە کە بەهۆیەکی نادیار لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراوە.

باوکی ئەو پزیشکە کوردە یەکێک لە ئەندامانی مەکتەب قورئانی شاری سنە بووە.

هەروەها لە ماوەی ١ مانگی رابردوودا زیاتر لە ٣٠ کەس لە رۆژنامەنووسان و چالاکانی فەهەنگی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەستبەسەر کراون و لە چارەنووسی هیچکام لەو چالاکانە هیچ هەواڵێک لەبەر دەستدا نییە.