پزیشکێکی کورد بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز کرا

17:19 - 19 رەشەمه 2719

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەمە،  دوکتور "ڕەحیم یووسف پوور"، پزیشکی خۆشناوی خەڵکی سەقز، بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەلایەن ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

دوکتور "ڕەحیم یووسف پوور" داوای لە بەرپرسانی حکوومەت لە سەقز کردووە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەوسارپچڕاوی کۆرۆنا، ئەم شارە قەرەنتینە بکەن.

ئەم پزیشکە سەقزییە پاش ڕاگەیاندنی یەکەمین حاڵەتی گوماناوی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەم شارەدا، ناچار بە دەست لەکار کێشانەوە لە کاروباری پزیشکی بوو.

لەمبارەوەش، "فەردین مستەفایی"، ئەندامی فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەوانان و بەڕێوەبەری کەناڵی "سەقز ڕووداو" پاش ڕاگەیاندنی ئاماری پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بانگهێشتی پۆلیسی فەتای سەقز کرا و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە، پاش بانگهێشتکردنی تەلەفۆنی، بە فەرمانی قەزایی لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.