پزیشکی یاسایی ڕای خۆی لەسەر مانەوەی زیندانییەک دەربڕی

12:19 - 16 بەفرانبار 2720

ئیدارەی گشتیی پزیشکیی یاسایی ورمێ، درێژەی مانەوەی زیندانییەکی کەمئەندامی مەزهەبی بە ناوی "ئەکبەر ڕەشیدی"، بە مەرجی پێکهێنانی دۆخێکی شیاو بۆ ئەو زیندانییە لە زیندان، بیروبۆچوونی خۆی ڕاگەیاند.

ئیدارەی پزیشکیی یاسایی لە نامەیەکدا، بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕایگەیاندووە؛ کۆمیسیۆنی پسپۆری نێوخۆیی مێشک و دەمار و پزیشکیی یاسایی ڕێکەوتی ٤ی بەفرانبار، بۆ دۆسییەی ئەو زیندانییە مەزهەبییە لە شوێنی ئیدارەی گشتیی پزیشکیی یاسایی ورمێ، کۆ بوونەتەوە.

پزیشکیی یاسایی کەمئەندامبوونی ئەو زیندانییە مەزهەبییە تەمەن ٣٤ ساڵەیەی پشتڕاست کردووەتەوە کە ناوبراو بۆ کاروباری خاوێنی پێویستیی بە یارمەتیی کەسێک هەیە و ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری دابینکردنی بارودۆخی تەندروستیی شیاو، دەتوانێ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکە لە زیندان دابێت.

ئەو زیندانییە مەزهەبییە دانیشتووی شاری "ورمێـ"ـیە، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی پووشپەڕی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی ٤٨ ڕۆژ، لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، ڕاگیرابوو. ناوبراو ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانانی هەمان ساڵ، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەکبەر ڕەشیدی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٨، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر"شێخلوو" بە تۆمەتی "مەحاربە لە ڕێگای ئەندامبوون لە گرووپە مەزهەبییەکان" بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم وبە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" بە ٥ ساڵ و بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کرابوو. بە بەکاربردنی مادەی ١٣٤ یاسای سزای ئیسلامی، ئەو زیندانییە مەزهەبییە دەبێت ١٥ ساڵ لەو حوکمە جێبەجێ بکات.