پزیشکی یاسایی سنە بە وەرگرتنی ٤٠ ملیۆن تمەن، تەرمی خۆپیشاندەرێکی مەریوانیی ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووەتەوە

17:00 - 8 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: تەرمی یەکێک لە گیانبەختبووانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی مەریوان، دوای وەرگرتنی ٤٠ ملیۆن تمەن، ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

پزیشکی یاسایی سنە دوای وەرگرتنی پارە، تەرمی "ئاریان ڕەجەبی" کوڕی "ئیبراهیم" و خەڵکی لەنجاوای مەریوانی بە بنەماڵەکەی ڕادەست کردووەتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەر، "ئاریان ڕەجەبی" لە ناڕەزایەتییەکانی مەریواندا بەر گولـلە کەوت و بەهۆی قورسیی برینەکەیەوە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سنە کرابوو.

سەری ناوبراو بەر گولـلەی هێزە ئینتزامییەکان کەوتبوو.

ئەم لاوە کوردە، بەهۆی قووڵیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە و پزیشکی یاسایی بڕی ٤٠ ملیۆن تمەنی لە بنەماڵەکەی وەرگرتووە و تەرمەکەی ڕادەستیان کردووەتەوە.