پرسی لەسێدارەدان لە ئێران، لە زانکۆی ژنێڤ کەوتە بەر باس و تاوتوێ کردن

19:40 - 20 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆنفرانسێک لە پێوەندی لە گەڵ پرسی لەسێدارەدان لە ئێراندا، لە زانکۆی ژنێڤی سوئیس بەڕێوەچوو.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوانیووەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی سەرماوەز، کۆنفرانسێک لە ژێر ناوی \"ئێران و سزای لەسێدارەدان کەرەستەیەک بۆ سەرکوتی نەتەوەکان\" لە لایەن کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردی زانکۆی ژنێڤ بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا، \"جولیا فەرناندێز\"، نوێنەری ڕێکخراوی \"پێکەوە خەبات دژی سزای لە سێدارەدن\" وتارێکی لە سەر پرسی لەسێدارەدان، بە تایبەت دژی نەتەوەکانی ئێران بە تایبەتیتر کورد پێشکەش کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی به لابردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ تۆمەتبارانی تاوانەکانی مادە هۆشبەرەکان لە یاسای سزای ئیسلامیی ئێراندا کرد و ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی سزای لە سێدارەدان وەک کەرەستەی سەرکوتی گەلان بە کار دەھێنێ و سەرەڕای پەسەند کردنی ھێندێ ئاڵوگۆڕ لە یاسای مادە هۆشبەرەکاندا، ڕێژەی کوشتنی کوردەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە زیادبووندایە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆنفرانسەدا، \"ژۆیل فیس\" یاریدەدەری ڕیپۆرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسی ئازادی ڕادەربڕین و بیروباوەر، نیگەرانیی خۆی لە مەڕ کوشتنی کوردەکان لە ئێران ڕاگەیاند و وتی: نابێ یەکیەتیی ئورووپا و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بێدەنگ بن.

لە بەشی کۆتایی ئەم کۆنفرانسەدا، \"لۆرێنا لۆنکێر\" لە ئەمنیستی ئەنترناسیۆناڵ باسێکی گشتیی لە سەر سیاسەتی سێدارە لە ئێران پێشکەش کرد و پەردەی ڕەشی لە سەر جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لادا.

کۆنفرانسەکە لە گەڵ پێشوازی گەرمی بەشداران ڕووبەڕوو بوویەوە و دواتر به پرسیار و وڵامی بەشداران کۆتایی پێھات.