پاڵەوانانی کرماشانی بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان دەستەوەستانن

13:59 - 29 رەزبەر 2715
ئاژانسی کوردپا: بۆ جارێکی دیکە دۆخی نالەباری ژیانی وەرزشوانانی کورد بووە سووژەی میدیا نێوخۆییەکانی وڵاتی ئێران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، \"فروتەن گوڵئارا\" بۆکسۆری کرماشانی، ئەندامی تیمی نەتەوەیی ئێران، بە توندی ڕخنەی لە دۆخی نالەباری پاڵەوانانی وەرزشیی پارێزگای کرماشان گرتووە و دۆخی ئەوانی بە \"خراپترین\" حاڵەت وەسف کردووە.

ئەو وەرزشوانە کوردە ڕاستەوخۆ ناوی هەیئەتی بۆکسی کرماشانی هێناوە کە وەڵامی پیشنیاری ناوبراویان بە مەبەستی یاری کردن لە تیمی کرماشان لە خولی سەرانسەریی ئێراندا نەداوەتەوە.

بۆکس تاکە سەرچاوەی داهاتی فروتەن گوڵئارایە و ناوبراو کە خاوەنی چەندین میدالیایە، بە هەواڵدەریی فارسی ڕاگەیاندووە کە: \" هێندێک لە بەرپرسان ئاگایان لە دۆخی پاڵەوانانی وەرزشیی کرماشان نییە\".

پێشتر و لە نێوەڕاستی مانگی بەفرانباری ١٣٩٠ی هەتاوی، فەرشاد دەرەکە، وەرزشوانی بواری \"کیک بۆکسینگ\"ی خەڵکی کرماشان، بەم شێوەیە ئازار و ژانەکانی کۆمەڵگەی وەرزشی کوردیی و بە تایبەت تاکی خۆی بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاندبوو : \"بەرپرسانی وەرزشی ئێران نەتەنیا ئاوڕی شیاو لە وەرزشکارە کوردەکان نادەنەوە، بەڵكوو هەڵسوکەوتێک کە شیاوی مرۆڤیش بێت لەگەڵ ئەو وەرزشکارانە ناکرێت\".

دۆخی ئابووریی وەرزشوانانی ناسراوی ئێرانی، جارناجار لە میدیا و ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان‏دا ڕەنگ دەداتەوە.

لە نوێترین حاڵەتدا، شاهین جەعفەری، پاڵەوانی \"هەڵدانی قورسایی\"ی لاوانی ئاسیا، لە بازاڕێکی شاری تاراندا سەرقاڵی دەسفرۆشی بووە.

فەرشاد دەرەکە، ئومید ستایش‌پوور، موجتەبا مورادی، سادق پاکدامەن و سەجاد پیرئاقا لەو وەرزشوانانەن کە لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لە ڕووی ناچارییەوە ڕوویان لە ئیشی نەشیاو، دەسفرۆشی و ژیانی سەر شەقام و کارتۆن خەوی کردووە.