پاڵەوان و راهێنەری زۆرانبازی لەسەقز، داوای مافی پەنابەری لەئاڵمان كرد

14:02 - 1 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: قارەمانی پێشووی \"کُشتی(زۆران)\"‌ی جامی یانەكانی ئاسیا و راهێنەری ناسراوی ئەو بوارە لە كوردستان، لە ئەنجامی فشاری ناوەندە ئەمنییەكان زێدی خۆی بەحێهێشتووە و رووی لە وڵاتی ئاڵمان كردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، بەهادین مورادی وەرزشكاری تەمەن ٣٦ ساڵەی خەڵكی شاری سەقز بەهۆی هێندێ‌كێشەی نەخوازراو كە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز و سنەوە بەرەوڕووی بۆتەوە بەناچاری ئێرانی بەرەو هەندەران بەجێهێشتووە.

مورادی قارەمانی كێشی ٩٦ كیلۆی \"زۆران\" لەئاستی ئاسیا و یەكێک لەراهێنەرە ناسراوەكانی كوردستان بەهۆی دژایەتی لەگەڵ \"(خصوصی‌سازی) بەکەرتی تایبەت کردنی یانە وەرزشییەكانی كوردستان\" كەوتۆتە ژێر چاودێری و فشاری ناوەندە ئەمنییەكان و بۆ چەند جارێكیش بانگهێشت كراوە.

\"22257.jpg\"
بەهادین مورادی لەو باوەڕەدابووە، كردنی یانەكان بە كەرتی تایبەت خەساری بەرچاو بە وەرزشی كوردستان و چینی مام ناوەندە و هەژاری كۆمەڵگەی كوردەواری دەگەیەنێ‌و چیدیكە لاواەكان توانای وەرزش كردنیان بە هۆی كێشەی ماڵییەوە نامێنێ‌.

ئەو قارەمانەی بواری وەرزشی زۆران لە بەشداری كردن لەرەكابەرییەكانی جیهانیی یوونان و نیۆیۆرک بێبەری كراوە.

مورادی خوێندكاری دەرچووی \"بەڕێوبەریی دەوڵەتی\" زانكۆی پەیام نوورەو لەئاستی ئێرانیشدا لەكێشی ١٢٠ كیلۆدا بۆ چەندین جار میداڵی ئۆلەمپیادی وەرزشی بەدەست هێناوە و بۆ ماوەیەكیش راهێنەری بەشی وەرزشی زانكۆی پەیام نووری كوردستان بووە.

قارەمانی \"زۆران\"ی ئێران، بۆ ماوەی ١١ ساڵیش وەكوو فەرمانبەری گرێ‌بەست لە شیركەتی نەفت كاری كردووە و سەرەڕای ئەوەی سەرجەم خاڵەكانی دامەزراندنی فەرمیی هەبووە، بەڵام ساڵ بە ساڵ گرێبەستەكەی نوێ‌كراوەتەوە.

ئەو وەرزشكارە كوردە لەحاڵی حازردا لەوڵاتی ئاڵمان گیرساوەتەوە و داواوی مافی پەنابەری لەو وڵاتە كردووە.

بەهادین ساڵی ١٣٥٧ لەشاری سەقز لەدایک بووە و لەو بوارانەدا بۆتە پاڵەوان:

ـ پاڵەوانی جامی یانەكانی ئاسیا
ـ پاڵەوانیەتی لەبواری راهێنەریدا
ـ بۆ هەڵبژاردەی تیمی میللی ئێران دیاری كراوە
ـ پاڵەوانیەتی لەركابەرییەكانی كرێكارانی ئێران(زۆران)
ـ سێ‌خول قارەمانی ئولەمپیادی خوێندكاران