پاڵێوراوانی شۆرای کرماشان هەڵبژاردنەکانیان بە هەڵوەشاوە لەقەڵەم دا

22:08 - 6 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵێک لە پاڵێوراوانی شۆرای شاری کرماشان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی شۆرای ئەو شارە ناڕەزایەتییان دەبڕی و خوازیاری هەڵوەشانەوەی ئەو هەڵبژاردنانە بوون.

هەواڵدەریی \"ئیسنا\" لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ پێنج‌شەممە کۆمەلێک لە پاڵێوراوانی شۆرای شاری کرماشان لە مزگەوتی \"ئەلغەدیر\"ی شاری کرماشان کۆبوونەتەو ناڕەزایەتییان بژاردنی سەرلەنوێی دەنگەکان دەربڕیوە و خوازیاری هەڵوەشانەوەی هەڵبژاردنەکان بوون.

پاڵێوراوانی ناڕازی رایانگەیاندووە کە فەرماداری کرماشان لە سەرەتای سەرلەنوێی بژاردنەوەی دەنگەکاندا، ١٠%ی دەنگەکانی بە ئامادەبوونی نوێنەری پاڵێوراوانی ناڕازیی شاری کرماشان بژرادۆتەوە و لە کاتێکدا ئەو ١٠%ـە بەبەراورد لەگەڵ پێشوو جیاوازییەکی بەرچاوی بووە، سەرتاسەری دەنگەکانی بژاردۆتەوە.

پاڵێوراوانی ناڕازی \"بوونی ئەو ١٠% جیاوازییەان وەک بەڵگەی حاشا هەڵنەگری ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاند الە قەڵەم داوە.

بەوتەی پاڵێوراوانی شۆرای شاری کرماشان، ئەمڕۆ پێنج‌شەممە فەرماندار لیستەیەکی نوێی لە ئاکامی سەرلەنوێی هەڵبژاردنەوەی دەنگەکان بڵاو کردۆتەوە کە بەبەراورد لەگەڵ دەوری یەکەمی بژاردنی دەنگەکان، رێژەیەکی بەرچاو چوونەسەرێی بەخۆیەوە بینیوەو بەم پێیە ٧٥ هەزار و ٧٤٥ دەنگ جێگۆڕکێیان پێ کراوە.

ئەو پاڵێوراوانە لە بەیاننامەیەکدا کە بڵاویان کردۆتەوە، ئاماژەیان بە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا کردووەو خوازیاری هەڵوەشانەوەی هەڵبژاردنەکان بوون.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئاکامی هەڵبژاردنەکانی شۆرای شاری کرماشان وناڕەزایەتی دەربڕینی کۆمەڵێک لە پاڵێوراوان، دەنگەکان لەلایەن فەرماندارەوە ئەژمار کرایەوە کە هەتا ئێستا بەشێوەی فەرمی ئەنجامەکەی رانەگەیەندراوە.

لەلایەکی دیکەوە شۆرای شاری بۆکان ناڕەزایەتییان بە ژوماردنی دەنگەکان دەربڕیوە و لەسەر ئەو باوەڕەن کە لە هەڵبژاردنەکاندا ساختەکاری کراوە، بۆیە خوازیاری سەرلەنوێ بژاردنەوەی دەنگەکانی شۆرای شاری بۆکانن.

فەرماندار و نوێنەری خەڵکی شاری بۆکان ئەو داوایەی پاڵێوراوانی شۆرای شاریان رەت کردۆتەوە و تەنانەت هەڕەشەیان لەو پاڵێوراوانە کردووە کە لە ئەگەری بەردەوام بوون لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەرەوڕووی دەستبەسەر کران و زنیدان دەبنەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لە پاش هەڵبژاردنەکانەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٠ کەس لە پاڵێوراوانی ناڕازیی شاری بۆکان، بانگهێشتی ئێدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراون و هەڕەشە و لێپرسینەوەیان لێکراوە.