پاڵاوگەی گاز و لەناوچوونی ژینگەی ئیلام

15:36 - 17 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: پاشماوە و زبڵی پاڵاوگەی ئیلام و دووکەڵی سووتەمەنی گۆگرد، ژینگەی ناوچەی ئیلام و هەروەها ژیانی زیندەوەرانی خستۆتە مەترسییەوە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پیسبوونی ژینگەی ناوچەی ئیلام بەهۆی بارینی بارانە ئەسیدییەکان وای کردووە کە بەشێک لەزیندەوەرانی ئەو ناوچەیە لەناو بچن.

مێهدی نەزەری چالاکی ژینگەپارێزی کورد لەشاری ئیلام لەو بارەیەوە بە هەواڵدەریی \"ئیسنا\"ی وتووە، لەئیلام هێندێ شوێن لەناو دڵی لێڕەوارەکان بۆ دروستکردنی پڕۆژەکانی وەکوو پاڵاوگەی گاز و پێترۆشیمی دەستنیشان کراوە و ئەوەش وایکردووە کە ژینگەی ئەو ناوچەیە بەرەو فەوتان بڕوات.

مێهدی نەزەری کە بە \" پیاوی دەرختی\"یش ناسراوە باسی لەوەش کردووە، من وەکوو هاووڵاتییەکی ئیلامی داوا لەبەرپرسان دەکەم کە هەوڵەکانیان بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئاسەوارە نەرێنییەکانی ئەو پاڵاوگانە وەگەڕ بخەن.

پێشتریش لایەنگرانی ژینگەپارێزی نیگەرانیان سەبارەت بە دووکەڵی پاڵاوگەی گاز لەئیلام دەربڕیبوو.

دووکەڵی ئەو پاڵاوگەیە بۆتە هۆی ئەوەی کە گەشتیاران زۆر بە کەمی روو لەسروشتی ئیلام بکەن و ئەمەش لە حاڵێکدایە کە ناوچەی ئیلام بە دەیان شوێنی گەشتیاری و مێژوویی هەیە.

پاڵاوگەی گازی ئیلام لە ٢٥ کیلۆمیتری باکووری رۆژئاوای شارستانی ئیلام و ١٢ کیلۆمیتری بەخشی چوار هەڵکەوتووە و کاری دروستکردنی ئەو پاڵاوگەیە لەجۆزەردانی ١٣٨٠ دەستی پێکرد و لەساڵی ١٣٨٦ قۆناغی وەرێخستنی جێبەجێ کرا.

بەخشی چوار سەر بەشارستانی ئیلامە و بەر لە دروستکردنی ئەو پاڵاوگەیە بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکان دەهاتە ئەژمار کە چەندین شوێنی وەکوو پشتی قەڵا، پرد و تەپەی مێژوویی لەخۆ گرتووە.