پاکەوانەکانی ئابدانان ٣ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە

20:15 - 10 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: شارەداریی شاری ئابدانان لە پارێزگای ئیلام لە دانی پارە و مەزایای کرێکارانی پاکەوانی شەقام خۆدەبوێرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیاتر لە سێ مانگە کرێکارانی پاککەرەوەی شەقامەکان لە شاری ئابدانان بەبێ حەقدەست لەسەر کارەکەیان ئامادە دەبن.

ئەو کرێکارانە ڕادەگەیەنن کە؛ ئێمە لە ترسی ئەوەی لە سەرکارەکەمان وەدەرمان نەنێن ناڕەزایەتی دەرنابڕین.

دواکەوتنی مووچەی پاکەوانەکانی شیرکەتی خەدەماتی و شارەداری و کرێکارانی فەزای سەوزی ئەو شارە، لە ڕاگەیەنە خۆجێییەکان دەنگدانەوەی هەبووە.

یەکێک لەو کرێکارانە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئابدانان خەبەر گوتوویەتی؛ بە زۆربەی کۆگاکان و دوکانەکان قەرزدارین و نازانین چۆن وەڵامی ئەو کاسبکارانە بدەینەوە.

لە درێژەی ئەو وتووێژدا هاتووە کە؛ فەرمانبەرانی ئەو شارەدارییە؛ هێشتا مانگەکە تەواو نەبووە، پارە و زێدەکاریی خۆیان وەردەگرن.

شارەداری شاری ئابدانان خاوەنی ٢٥هێزی کرێکارییە.

دواکەوتنی لانیکەم مووچەی چەند پاکەوانی شارەداریی شاری ئابدانان لە کاتێکدایە کە لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا یەکێک لە نوێنەرانی کرێکاری باسی لە کەمیی هێزی مرۆیی لە بەشی کۆکردنەوە و گواستنەوە و چاڵ کردنی زبڵەکان لە ئاستی شاردا کردبوو.