پاکستان ١٠٠ هەزار تۆن گەنم هەناردەی ئێــران دەکات

15:30 - 18 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەتا کۆتایی مانگی \"ژانویە\"ی ئەمساڵ ١٠٠ هەزار تۆن گەنم لە وڵاتی پاکستانەوە هاوردە دەکات.

یەکێک لە بەرپرسانی شیرکەتی هەناردە کردنی وڵاتی پاکستان بە هەواڵدەریی رۆیتێرز راگەیاندووە، سەرەتا بڕیار بوو کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ١ میلیۆن تۆن گەنم لە وڵاتی پاکستان بکڕێت، بەڵام بەهۆی کەمیی بۆدجەوە نەیانتوانی ئەو رێژە گەنمە بکڕن.

رۆژنامەی \"نیشن\"ی پاکستان لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، دەوڵەتی پاکستان لەبری ئەو گەنمە، لە کانگە بەردییەکانی ئێرانەوە بەردی ئاسن هاوردە دەکات.

ئەمساڵ وڵاتی ئێران بەرەوڕووی کەمیی گەنم بۆتەوە و بەم هۆیەوە دەستی داوەتە کڕینی گەنم لە وڵاتانی دەرەوە.

ماوەیەک پێش ئێستا حامید قادری نوێنەری خەڵکی قوروە و دێولان لە مەجلیسی ئێران رایگەیاندبوو، وەرزێڕان بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان بە هۆی لە خوارێ بوونی نرخی پێشنیار کراوی دەوڵەت بۆ کڕینی گەنم، بە ناچاری گەنمەکانیان بە ئاژەڵداران فرۆشتووە.

ئەوە لە کاتێک دایە کە بەرهەم هێنانی هەر کیلۆ گەنم بۆ وەرزێڕان ٥٠٠ تمەن تێچوو هەڵدەگرێت، بەڵام نرخی پێشنیار کراوی دەوڵەت بۆ هەر کیلۆ٤٢٠ تمەن دیاریکراوە و بەم هۆیەوە وەرزێڕان گەنمەکانیان هەر کیلۆ ٤٧٠ تمەن بە ئاژەڵداران و کێڵگە پەلەوەرییەکان فرۆشتووە.

لەلایەکی دیکەوە لە ماوەی ساڵی رابردوودا نرخی کوودی شیمیایی ٤ بەرابەر و نرخی سەم ٣ بەرابەر زیادی کوردووە، بەڵام نرخی گەنم لەو ماوەیەدا تەناەت ٢ بەرابەریش زیادی نەکردووە.