پاوە/ وەگەڕ نەخستنی پەروەندەی دەستدرێژی بو سەر منداڵان

13:58 - 9 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: لەشاری پاوە بنەماڵەی ئەو کچانەی کە بوونەتە قوربانی دەستدرێژی جنسی چاوەڕوانی ئەوەن کە پەروەندەکە رەوتی یاسایی خۆی تێپەڕ بکات.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەو مامۆستایەی قوتابخانەی سەرەتایی کچانەی ئاوایی \" نەروێ\" سەرەڕای کردەوەی توندوتیژی جنسی بۆسەر چەند کچی یازدە ساڵان، لەلایەن ناوەندە قەزاییەکانەوە هیچ حوکمێکی بۆ نەبڕدراوەتەوە.

باوکی یەکێک لەکچە قوربانییەکان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەوالنێری کوردپای وتووە، من لەگەڵ شەش کەسی دیکە سکاڵەمان بە دژی \"ب. ف\" پێشکەس بە دادگای پاوە کردووە.

پێشتر ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا راپۆرتێکی لەسەر توندوتیژی جنسی بۆ سەر چەند کچێکی پۆلی سەرەتایی قوتابخانەی نەروێ بڵاو کردبوویەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەدرێژەی لێداونەکەیدا باسی لەوەش کرد، ئەو کچانە تەنیا لەرێگەی دەستەوە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە.

ئەو هاووڵاتییە ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە خوازیاری ئەوەین کە لەچوارچێوەی یاسادا بە دواداچوون بۆ ئەو رووداوە بکرێت.

دەستبەسەرنەکردنی ئەو مامۆستایە لەحاڵێکدایە کە بەپێی یاسای \"توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵ\" بە تاوانی گشتی دێتە ئەژمار و تەنانەت پێویستی بە سکاڵەکاریش نیە.

دەوترێت کە ئەو رووداوە لەنێو هاووڵاتیاندا وەکوو پرسێکی گشتی لێهاتووە و خوازیاری سزادانی ئەو مامۆستایە بوونە.

ئەو سزایەی کە بۆ توندتیژی لە هەمبەر منداڵاندا لەیاساکانی ئێران لەبەر چاو گیراوە، ٦ مانگ زیندانی و یەک ملیۆن تمەن سزای نەختییە.