پاوە/ فشاری هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر خاوەن کافی‌نێتەکان و دانانی کامێرای چاوەدێری

14:11 - 16 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێـزە لیباس شەخسییەکان فشاریان خستۆتە سەر خاوەن کافی‌نێتەکان و پێیان راگەیاندوون کە دەبێ لە نێوا کافی‌نێەتاکاندا کامێرای چاوەدێری دابندرێن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ مەئموورانی ئەمنیەتی و لیباس شەخسییەکان لە چەندین کافی‌نێتی شاری پاوە بە بێ رەزامەندیی خاوەن کافی‌نێتەکان، کامێرای چاوەدێریان لە کافی‌نێتەکاندا دامەزراندووە.

بە وتەی یەکێک لە خاوەن کافی‌نێتەکان، لە رێگەی ئەو کامێرایانەوە سەرجەم جووڵە و بزاوتی نێو کافی‌نێتەکان لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتییەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن.

ئەوەش لە کاتێک دایە کە دانرانی ئەو کامێرایانە رەزامەندیی بەڕێوەبەران و خاوەن کافی‌نێتەکانی لەگەڵ نەبووە.

هەروەها پێشتریش پۆلیسی \"فەتا(پۆلیسی کۆنتڕۆڵ کردنی ئینتێرنێت)\" بە خاوەن کافی‌نێتەکانی راگەیاندبوو کە ئەو کەسانەی رۆژانە سەردانی کافی‌نێتەکان دەکەن، پێویستە کارتی پێناسیان لێ وەربگرن و ناوەکانیان تۆمار بکەن.