پاوە/ داربەڕووەکان قوربانییانی تازەی بەنداوی داریان

16:10 - 14 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: بەڕێوەبەرانی پـرۆژەی بەنداوی داریان بە مەبەستی لێدان و راکێشانی جادە، دەستیان بە بـڕین و لەناو بردنی لێڕەوارەکانی داربەڕوو لە پێنج کیلۆمیتریی شاری پاوە کردووە

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکانی ژینگەپارێزی لە پاوە باس لە لەناو بردنی لێڕەواری \"شاوێنە\" لەلایەن ئەندازیاران و بەڕێوەبەرانی پڕۆژەی بەنداوی داریان دەکەن و لەو پێوەندییەدا ناڕەزایەتیی خۆشیان بەو فەوتاندنە دەربڕیوە.

دەوترێت لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، بەڕێوەبەرانی پڕۆژەی بەنداوی داریان دەستیان بە لەناوبردنی لێڕەوارەکانی بەڕوو بە مەبەستی لێدانی جادە کردووە. ئەو لێڕەوارانە لە پێنج کیلۆمیتریی رۆژئاوای پاوە هەڵکەوتووە.

\"26851.jpg\"
بڕین و لەناو بردنی لێڕەوارەکانی داربەڕوو لە پێنج کیلۆمیتریی شاری پاوە
چالاکانی ژینگەپارێز وێڕای دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە لەناوبردنی دارستان و زیندوەرەکانی ئەو ناوچەیە، داوایان لە ناوەندە پێوەندیدارەکان کردووە کە بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوە بکەن.

ئەو چالاکانە دەڵێن، بەپێی بەدواداچونێک کە کردوومانە، بڕینی ئەو دارانە لەلایەن بەڕێوەبەرانی بەنداوی داریانەوە بەبێ مۆڵەتی ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە ئەنجام دراوە.

بەنداوی داریان، لە دووری شەش کیلۆمیتر لە کانیی بڵ دروست دەکرێت و لە ئەگەری ئاوگیری کردنی ئەو بەنداوە کانیی بڵ لەگەڵ مەترسیی لەناوچوون بەرەوڕوو دەبێتەوە.

پێشتریش گرووپی \"رزگارکردنی کانیی بڵ\" بە سەرپەرەستیی دوکتور موختار هاشمی رایگەیاندبوو، ئاوگیری کردنی ئەو بەنداوە خەسارێکی بەرچاوی بە پێشینەی مێژوویی و فەرهەنگیی ناوچەی هەورامان دەگەیەنێت.

وینە: سلام پاوە